پەروەردە لە ژێر بۆردووماندا؛ نەوەیەک کە ڕووبەڕووی کۆچکردن و ترس و داهاتوویەکی مەترسیدار دەبێتەوە

لە چوارچێوەی پەرەسەندنی سەربازی بەردەوام لە سووریا و گۆڕینی خوێندنگەکان بۆ پەناگە، هەزاران منداڵ لە مافی خوێندنی پاریزراو بێبەش دەکرێن، تووشی لێکەوتەی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبن کە مەترسی لەسەر داهاتوویان هەیە.

ئەسما محەمەد

 

قامیشۆ-کەرتی پەروەردە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهۆی بەردەوامی پەرەسەندنی سەربازی و بەئامانجکردنی ژێرخان لەلایەن چەتەکانی هەتەشە، تێکچوونی خێرای بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنی پرۆسەی خوێندن لە چەند بوارێکدا، خوێندنگەکانی ناچارکردووە ببنە شوێنی پەناگە بۆ کۆچبەرەکان و بێبەشکردنی هەزاران منداڵ لە مافی پەروەردەیەکی پارێزراو و سەقامگیر.

 

کەرتی پەروەردە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی یەکێک لە قۆناغە هەرە مەترسیدارەکانی بووەتەوە، چونکە ململانێ سەربازییە بەردەوامەکان و پەرەسەندنی ئاسایشی کاردانەوەی توندی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەبووە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی منداڵان دروستکردووە و مافی بنەڕەتییان بۆ پەروەردەیەکی پارێزرا و سەقامگیر خستووەتە مەترسییەوە، ئەم دۆخە بەهۆی دووبارە بە ئامانجکردنی ژێرخانی و گۆڕینی دامەزراوە پەروەردەییەکان بۆ پەناگەی فریاگوزاری خراپتر دەبێت.

 

لەو چوارچێوەیەدا، گوڵستان ئیسماعیل، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردەو فێرکردنی کانتۆنی جزیرە ڕایگەیاند، لە ڕاستی پەروەردە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ساڵی ٢٠١١ەوە، سەرەڕای بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی و ئاسایشی، نموونەیەکی پەروەردەیی پێشکەوتووی پێکهێناوە، هەروەها سیستەمێکی پەروەردەیی گرتەبەر کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە فرەچەشنی کولتووری و زمانەوانی، مسۆگەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان بۆ فێربوون بە زمانی دایکی خۆیان، بە شێوەیەک کە بنەمای دادپەروەری پەروەردەیی بەدیبهێنێت و بەهاکانی پێکەوەژیان لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا بەهێزتر بکات.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەم سیستەمە تەنها ئاماژەی نەبووە، بەڵکو بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ڕێگەی پەرەپێدانی بابەتی فرە زمانی و ڕێکخستنی خولی تایبەتمەند بۆ کارمەندی پەروەردەیی لە پاشخانە جیاوازەکانەوە، کە هەریەکەیان بە زمانی زگماکی خۆیان، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بۆ هەموو منداڵان بەبێ جیاوازی جێبەجێ کراوە، هەروەها ئەم ڕێبازە بۆ ماوەی چواردە ساڵە بەردەوام بووە و پایەیەکی بنەڕەتی لە بونیادنانی نەوەیەکی هۆشیار و یەکگرتوودا پێکهێناوە، دامەزراوە پەروەردەییەکان تا ئەمساڵ بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی ڕۆڵی خۆیان، سەرەڕای ئاستەنگە کۆبووەکان، بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی بتوانن منداڵان بەدواداچوون بۆ خوێندن و بەدیهێنانی خەونەکانیان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هەڵکشانە سەربازییەی ئەم دواییە لە ناوچەکەدا بەدیکرا، کە لەلایەن حکومەتی کاتی و کوتلەکانی سەر بە داگیرکاریی تورکیاوە دەستیپێکرد، وەرچەرخانێکی مەترسیداری لە ڕەوتی پرۆسەی خوێندندا پێکهێنا.

 

"بارودۆخی سەخت"

گوڵستان ئیسماعیل ڕوونی کردەوە، ئەو هێرشە توندوتیژانەی کە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەیان کردە ئامانج، لەگەڵ تۆپباران و جموجۆڵە سەربازییەکانی، ئاوارەبوونی بەرفراوانی لێکەوتەوە، هەزاران بنەماڵەی خەڵکی شەهبا بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ  هێشت و بەرەو قامیشلۆ و ناوچەکانی دەوروبەری بە مەبەستی گەڕان بەدوای پارێزراویدا، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر منداڵان و خوێندنیان هەبووە.

 

دووپاتی کردەوە، کە ئەم کۆچکردنە زۆرەملێیە هاوکاتە لەگەڵ بارودۆخی سەختی زستان، وایکرد دەسەڵاتداران ژمارەیەکی زۆر لە خوێندنگەکانی دەڤەری جزیرە و شار و شارۆچکەکانی قامیشلۆ و حەسەکە و جەل ئاغا و دێرک و چەندانی تر بگۆڕن بۆ پەناگەی کاتی بۆ کۆچبەرەکان،بە ئامانجی پاراستنیان لە سەرمای سەخت، بەڵام ئەم چارەسەرە بەپەلەیە لەسەر حیسابی مافی هەزاران منداڵ بۆ خوێندن هاتە ئاراوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، منداڵەکان لەپڕ خۆیان لەدەرەوەی دەروازەکانی خوێندنگەکان بینیەوە، لە مافی سروشتی خۆیان بۆ خوێندن بێبەش کراون، لە تەمەنێکی هەستیاردا کە پێویستی بە سەقامگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە، زۆرێکیان زیاتر لە جارێک تووشی شەڕ و کۆچکردن بوون، ئەمەش شوێنەواری قووڵی دەروونی بەجێهێشتووە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، مامۆستایان گۆڕانکارییەکی ڕوونی ڕەفتار و دەروونییان لە منداڵەکاندا بەدیکردووە، لەوانە خراپی سەنجدان، دڵەڕاوکێی بەردەوام، ترس لە ژاوەژاوی بەرز، تێکچوونی خەو و لەدەستدانی ئاسایش، ئەم نیشانانەش نیشاندەری ڕاستیەقینەی تێکچوونی تەندروستی دەروونی منداڵانن و دەتوانێت کاریگەری لەسەر داهاتووی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییان هەبێت لە درێژخایەندا.

 

"دەرئەنجامەکانی بێبەشبوون لە خوێندن"

گوڵستان ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامی داخستنی خوێندنگەکان و گۆڕینیان بۆ پەناگە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتننامە مرۆییەکانە کە مافی خوێندن و پاراستنی منداڵەکە مسۆگەر دەکات، هەروەها خوێندگەکان بۆ ئەوە دامەزراون کە ژینگەیەکی پارێزراوبن بۆ فێربوون و پەرەپێدانی کارەکتەری، نەک بگۆڕدرێن بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی کاتی لە ئەنجامی ململانێی چەکداری، بێبەشکردنی منداڵان لە خوێندن بە زمانی دایکی پێشێلکردنی زیاتری مافە کولتووری و مرۆییەکانیانە، ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت نەک هەر هەڕەشە لە پەروەردەکردن دەکات، بەڵکو داهاتووی تەواوی نەوەیەکیشە و بناغەکانی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و ئاوەدان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، هەرێم ململانێیەکی توند لە نێوان پێویستی پاراستنی دانیشتوان لە مەترسییەکانی شەڕ و بەدواداچوونی مافی منداڵان بۆ خوێندن بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییە ئاسایشییەکان زیاتر دەبن کە وایکردووە دانیشتووان کۆببنەوە بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانیان، دڵەڕاوکێ و ترسی زیاتر کردووە، بەتایبەتی لەنێو ئەو منداڵانەی کە لە کەشوهەوای ناسەقامگیری ڕۆژانەدا دەژین، هەروەها ئەوانەی بەرپرسیارن لە پەروەردە و خول ئێستا خۆیان لەبەردەم کارەساتێکی پەروەردەیی ڕاستەقینەدا دەبیننەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی کۆچکردن و داخستنی خوێندنگەکان و زیادبوونی ژمارەی منداڵان کە ناچارن خوێندنگە بەجێبهێڵن، تەنانەت هەندێکیان ناچاربوون بچنە ناو هێزی کارەوە بۆ پشتگیریکردنی خێزانەکانیان، کە ئەمەش پێشبینی بەرزبوونەوەی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و کاری منداڵان دەکات، منداڵان زیانێلکەوتوویەکی بێتاوانن لە شەڕ و دەستدرێژیکردن، نابێت بێبەش بکرێن، مافی خوێندنیان ناتوانرێت لە ڕێگەی چەک و وێرانکارییەوە بونیاد بنرێت، بەڵکو لە ڕێگەی پەروەردە و ژینگەیەکی پارێزراوەوە کە ڕێگە بە منداڵان بدات بە شکۆمەندیەوە گەشە بکەن و فێربن.

 

"هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەکانی پەروەردەیی"

گوڵستان ئیسماعیل لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو هێرشانەی شەرمەزارکرد، کە پرۆسەی خوێندنی پەکخستووە و مەترسی لەسەر داهاتووی منداڵان دروستکردووە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەکانی پەروەردەیی و کەمکردنەوەی زیانەکان تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت، بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مافی منداڵان و دەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان کرد، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی ڕاستەقینە بگرنەبەر بۆ پاراستنی منداڵان و ڕاگرتنی ئەو پێشێلکاریانەی کە تووشی دەبن، هەروەها دەستەبەرکردنی مافی خوێندن و ژیانێکی پارێزراویان، دوور لە زەحمەتی ململانێ سەربازییەکان کە بێبەشیان دەکات لە زۆربەی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ.