ژنانی تل تەمر: هێرشەکان بۆ سەر پڕۆژەی دیموکراتیکمان تێکدەشکێن

سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی چەتەکانی هەتەشە و باندەکانی داعش، ژنانی تل تەمر پشتیوانی بێوچانی خۆیان بۆ هەسەدە دووپاتکردەوە و بەڵێنیاندا کە هێرشەکان بۆ سەر پڕۆژە دیموکراتیکەکەیان تێکدەشکێنرێت.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

تل تەمر-چەتەکانی هەتەشە و داعش هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکرد، ئەمەش وایکرد خۆبەڕێوبەری ر دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشی ڕابگەیەنێت.

 

ژنانی شاری تل تەمر لە دەڤەری جزیرە کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر بەم هێرشانە دەربڕی، خەدیجە عاسم ڕایگەیاند کە ئەویش بەشداری لە سەفەربەری گشتیدا کردووە کە لەلایەن خۆبەڕێوبەریەوە ڕاگەیەندراوە، وتی: لەگەڵ هەسەدە دەوەستینەوە دژی ئەو هێرشانەی کە ناوچەکانمان دەکەنە ئامانج، ئێمە واز لە خاکەکەمان ناهێنین، و بەرگری لە کەرامەتی خۆمان دەکەین.

 

هەروەها داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە ئەم هێرشانە ڕابگرن، وتی: ئەو گروپە چەکدارانەی هێرشیان کردە سەر شێخ مەقسود هەمان ئەو گروپانەن کە داگیرکاری تورکیا پشتیوانییان لێدەکرێت و ئەمڕۆش هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ئێمە کە لە نەتەوەی جئاواز پێکهاتوون.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئامانجی هێرشەکان زیندووکردنەوەی داعشە، هەروەها ئێمە بە یەکگرتوویی لەگەڵ کورد و عەرەب و ئاشوورییەکان لە دژی ئەم هێرشانە وەستاوین، پێویستە هەموومان پشتیوانی لە هێزەکانی هەسەدە بین، هەموو لایەک بیردەخەینەوە کە ئەو هێزانە ئەوانەن کە پارێزگارییان لە ناوچەکە و کەرامەتیان کردووە، بۆیە دەبێت گوێ لە ویژدانی خۆیان بگرن و پشتگیریان بکەن.

 

خەدیجە عاسم پلانی حکومەتی کاتی بۆ گڕگرتنی شەڕی خێڵەکی لە نێوان کورد و عەرەبدا شەرمەزارکرد و وتی: ئێمە نامانەوێت فەرمانی بێ جێبەجێکردن، ئێمە دەمانەوێت مافەکانی خۆمان لەم وڵاتە و مافی هەموو گەلان بپارێزین، تا کۆتایی شەڕ دەکەین بۆ پاراستنیان.

 

سەلما بەرەکات، بە توندی شەرمەزاری هێرشەکانی سەر گەلی کورد و عەرەبی کرد و ڕایگەیاند، بە توندی شەرمەزاری پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و بەئامانجکردنی هێزەکانمان دەکەین، هێرشێکی نەفرەتییە کە بەناوی ئیسلامەوە دژی ژنان و منداڵان و گەلەکەمان ئەنجامدراوە، پڕۆژەکەمان پڕۆژەیەکی دیموکراتیکییە، ئێمە خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی دەکەین، بەڵام ئەم گروپە توندڕەوانە خوێنڕێژن، هەموومان پشتگیری لە هەسەدە دەکەین.