’‘کەزی ئاماژەی تیشکی خۆر و ڕووناکی”
کۆبانێ تەنها شارێکی گەمارۆدراو نەبوو، بەڵکو ئاماژەی ئیرادەی ئەو ژنە کوردە بوو، کە کەزیەکەی گۆڕی بۆ ئاڵای بەرخۆدان، لە بەرامبەر ستەمکاریدا، کەزی بوو بە بەڵگەی کەرامەت و شکستی تاریکی.
سیلڤا ئیبراهیم
کۆبانێ-ئەمڕۆ کۆبانێ سەرکەوتنی خۆی دەژیێتەوە و کەزیەکانی ژنانی شەڕڤان بەبیر دەهێنێتەوە کە بەرخۆدانیان گۆڕی بۆ یادەوەرییەکی هەمیشەیی، لە شوێنێکدا کە ستەمکاری پارچە دەکات، کەزی وەک بەڵگەیەکی زیندوو بۆ ئیرادەی ژنی کورد و سەرکەوتنیان دەمێنێتەوە، کە لەگەڵ هەر نەوەیەکدا نوێ دەبێتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٤ شاری کۆبانێ یەکێک لە گەورەترین داستانەکانی بەرخۆدانی لە دژی چەتەکانی داعش نووسی، کە دەستیان بەسەر ناوچە بەرفراوانەکانی سووریادا، گرتبوو و هەوڵیان دابوو هێرش بکەنە سەر شارەکە، بەو بڕوایەی کە دەڕوخێت، بەڵام کۆبانێ بە ئیرادەیەکی نەشکاوەوە ڕووبەڕووی ئەوان بووەوە، کە بەرجەستە بوو لە بەرخۆدانی قارەمانانەی ژنانی شەڕڤانی یەپەژە و شەڕڤانانی یەپەگە پێشەنگایەتی دەکرد.
شەڕی کۆبانێ ١٣٤ ڕۆژی خایاند، لەو ماوەیەدا ژنانی کورد لە بەرەکانی پێشەوە بوون و بەرگریان لە خاک و کەرامەت و زۆر بوونیان دەکرد، دەیان ژنانی شەڕڤان گیانی خۆیان بۆ شارەکە بەخشی و شایەتحاڵی ڕاگەیاندنی سەرکەوتن نەبوون لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥، بەڵام ئەو ڕۆژە کەزیەکانیان ئامادە بوون، شایەتحاڵی ئەو سەرکەوتنە بوون کە بە خوێنی ئەوان بەدەست هات.
دوای ڕزگارکردنی کۆبانێ، یادگاریەک دانرا، لەسەرەوەی نووسرابوو "لێرە لە نێو کەزیەکانی خۆر و ئاگر، بەرخۆدان شکۆمەندە"، کەزیەکانی شەڕڤانانی شەهید لەخۆدەگرێت، مانەوە لەسەر زەوی وەک ئاماژەیەکی زیندوو بۆ شکستی داعش و بەڵگەی ئەوەی کە ژنان قوربانی نەبوون لەم شەڕەدا، بەڵکو بونیادنەری سەرکەوتن بوون، چونکە بڕین هەرگیز تەنها تاڵێکی قژ نەبووە، بەڵکو ئاڵای بەرخۆدان و یادەوەریی کەرامەت و مێژوویەک بووە کە لە بەرخۆدان نووسراوە.
ئەمڕۆ، دوای ١٠ساڵ لەو سەرکەوتنە، هێزە ئاڵا ڕەشەکان بۆ جارێکی دیکە گەمارۆدانی کۆبانێ گەڕاونەتەوە، بە بێ هیواییەوە هەوڵی بڕینی کەزی ژنانی شەڕڤانی دەدەن لە هەوڵێکدا بۆ شکاندنی ئیرادەیان، بەڵام وەڵامی ژنان لە سەرانسەری چوار پارچەی کوردستان یەکلاکەرەوە بووە، ئەوان وتیان: هێرشکردنە سەر کەزی هێرشکردنە سەر کەرامەت، کەزیکردن تەنها بۆ ڕازاندنەوە نییە، بەڵکو ئاماژەی ناسنامە و بەرخۆدانییە.
لە دیمەنێکی قووڵی کاریگەردا، لەگەڵ ساڵیادی ڕزگاربوونی کۆبانێ لە دەستی داعش، پەیامنێرەکەمان، لەکاتی ڕووماڵکردنی بەرخۆدانی دانیشتووانی شارەکەدا، چاوی لە کۆمەڵێک منداڵ کرد کە لە تەنیشت یادگارییەکە کەزیەکەیان دەهۆننەوە، ئەم پەیامە بێدەنگە و لە هەمان کاتدا قووڵە، ئەوە دەگەیەنێت کە کەزیکردن تەنها تاڵە قژێک نییە، بەڵکو مێژوویەکی خەباتە، شایەتحاڵی بەردەوامی سەرکەوتنی ئیرادەی ئازاد و شکستی ستەمکاران، گرنگ نییە دەموچاویان چۆن بگۆڕێت.