یەکشەممەی شەهید دەنیز بەرێوەچوو
لە بەردەوامی رێپێوان و گردبوونەوەکاندا، ئەمرۆش لە بەردەم باخی گشتی سلێمانی، خۆپیشاندانی فراوان بە ناوی "یەکشەممەی شەهید دەنیز" بە مەبەستی پشتگیریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە چوو، کە چالاکوانان و هاووڵاتییان لە توێژە جیاوازەکان بەشداربوون.
سلێمانی
ماوەی شەش ڕۆژە سلێمانی بووەتە یەکێک لە ناوەندی چالاکییە مەدەنی و خۆپیشاندانەکانی پاڵپشتی ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم چالاکیانە وەک وەڵامێکی ئاشکرا بۆ بارودۆخی ڕۆژئاوا و هەروەها بۆ پشتگیریکردنی خەبات و بەرخۆدان، بە شێوەی رێپێوان و گردبوونەوەی گشتی بەردەوام بوون، "یەکشەممەی شەهید دەنیز" ناوێکە کە هەڵگری پەیامێکی هاوبەشە لە نێوان خەڵک، بۆ یادکردنەوەی قوربانیان و دووپاتکردنەوەی پەیوەندی نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.
لە بەردەوامی رێپێوان و گردبوونەوەکاندا، ئەمرۆش کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، لە بەردەم باخی گشتی سلێمانی خۆپیشاندانی فراوانی "یەکشەممەی شەهید دەنیز" بەڕێوەچوو. خۆپیشاندانەکە بە بەشداری فراوانی چالاکوانانی مەدەنی، گەنجان و هاووڵاتیان ساز کرا، کە دەنگیان بۆ پاڵپشتی ڕۆژئاوای کوردستان و نیشاندانی یەکگرتوویی گەلی کورد بەرز کردەوە.
بەشداربووان ڕایانگەیاند کە ئەم خۆپیشاندانە تەنها گردبوونەوەیەکی هەستیار نییە، بەڵکو پەیامێکی سیاسی و مرۆییە بۆ جیهان کە گەلی کورد لە هەر پارچەیەکدا، لە کاتی قەیراندا یەکدەنگ و هاوپەیمان دەبن. ئەوان داوای کۆتاییهاتنی توندوتیژی و پاراستنی مافەکانی هاووڵاتیانی ڕۆژئاوایان کرد، هەروەها دووپاتیان کردەوە کە چالاکییە مەدەنییەکان بە شێوەی ئاشتیانە بەردەوام دەبن تا دەنگی خەڵک بگاتە گوێی لایەنە نێودەوڵەتییەکان
کەژاڵ حەسەن، بەشداربووی ڕێپێوان وتی:پیویستە ژنان لە بەرخۆدان و ڕێپێوانەکاندا بەشداری بکەن تا بتوانین دژ بە داگیرکەر بوەستینەوە، ئەگەر کورد لە پشتی یەک نەبێت و لەم شەڕەدا شکست بخوات تەواوی کورد لە پارچەکانی کوردستان شکست دەهێنێت، شەرڤانەکانمان ئازان و ئیرادەیان سەریان دەخات، لە خۆپشاندانەکاندا یەکبوونی کورد ڕۆڵی کارایان هەیە، ئێمە دەبینین پێکەوەیی کورد بۆتە هۆکاری چۆڵنەبوونی شەقامەکان، هەموومان بۆ یەکڕیزی هەوڵدەدەین.
لە کۆتای قسەکانیدا وتیشی: ئێمەی کورد بۆ پێکەوەیی هەوڵەدەین پێکەوەبوونمان وادەکات دەربکەوین، هەموومان بە ئامانجی سەرکەوتنی کورد هاتوینەتە سەر شەقامەکان.
ئەڤین تەحسین، هاوڵاتی لە ڕێپێوانەکەدا وتی: داوا لە کوردان دەکەم پشتیوانی بۆکورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆبکەنەوە، پشتیوانی کردنی کورد ڕۆڵی سەرەکی لە سەرکەوتنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت، کۆکردنەوی کۆمەک و هاوکارییەکان لە ئێستادا بۆ هاوڵاتیان پێویستە بتوانین پێکەوە پێداویستییەکان بگەیەنینە دەستی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان.
لە کۆتای قسەکانیدا وتیشی: پێویستە ژنان لە خۆپشاندان و ناردنی هاوکارییەکان ڕۆڵی کارایان هەبێت، ئەوان کەزیەیەک دەبڕن ئێمە بە هەزاران کەزی دەهۆنینەوە.