چالاکوانی بەریتانی لیندا هیس: ژنانی کورد پارێزگاری لە ئازادی دەکەن

لیندا هیس، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی بەریتانیا ڕایگەیاند، کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دەست توندڕەویی ئایینییەوە دەناڵێنێت، ژنانی کورد لەسەر لووتکەی چیاکان دەوەستن و پارێزگاری لە ئازادیی دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لیندا هیس چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە بەریتانیا، سەبارەت بە ڕۆڵی ژنانی کورد و ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، گەلی کورد تاکە نەتەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دەست توندڕەوی ئایینییەوە دەناڵێنێت، نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی پێشکەوتووە لە کاتێکدا دراوسێکانی هێشتا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا گیریان خواردووە.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، ژن لە هیچ شوێنێکی جیهاندا وەک کوردستان نەگەیشتووەتە پێگەی ڕاستەقینەی خۆی، ژنی کورد جەستەیەک نییە بە فەتوا بەڕێوە ببرێت، بەڵکو عەقڵێکە بە چەک و بڕیار ڕێبەرایەتی دەکات، ژنانی کورد فەرماندەی سەربازین و سوپای ژنیان هەیە و بودجەی سەربەخۆیان هەیە، ئەمە بۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ وێنەیە و بۆیە ژنانی ئازاد زیاتر تیرۆر دەکرێن.

 

باسی لەوەش کرد، کۆمەڵگە توندڕەوەکان ئایینیان کردووەتە چەکێک بۆ سەرکوتکردن، لە کاتێکدا کوردەکان ئایینیان کردووەتە بابەتێکی کەسیی نەک ئامرازی سەرکوتکردن و ژنیان ئازاد کردووە.

 

جەختی لەوەشکردەوە، لە کاتێکدا لە هەندێک وڵاتدا ژن بە ناوی شەرەفەوە زیندووبەچاڵ دەکرێت، ژنی کورد لەسەر لووتکەی چیاکان دەوەستێت و پارێزگاری لە شەرەفی ڕاستەقینە دەکات کە ئازادییە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کوردستان سەلماندوویەتی شارستانیەت لە مزگەوت یان تانکەوە لەدایک نابێت، بەڵکو لە مێشکێکی پاکەوە سەرچاوە دەگرێت، کوردەکان قوربانی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نین بەڵکو ئابڕووچوونی شارستانیین، کورف نەک هەر خاکەکەی خۆی ئازاد کرد بەڵکو عەقڵی ژنانیشی ئازاد کرد.