خۆبەڕێوەبەری بۆ گەل: درێژە بە چالاکییەکانتان بدەن

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕایدەگەیەنێت، ڕاگەیاندنی ئاگربەست بە بیانووی گواستنەوەی چەتەکانی داعشەوە، دەرخەری ئەوەیە هێشتا مەترسییەکان لەسەر گەل و ناوچەکانمان بەردەوامن، داواش لە گەل دەکات، کە درێژە بە ناڕەزایەتی و چالاکییەکانیان بدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە بارەی ئاگربەست و بەردەوامی مەترسی و هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای

کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

ڕاگەیاندراوەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەمشێوەیەیە:

لەگەڵ کۆتا گەشەسەندنەکان، ئاگربەست درێژکرایەوە و حکومەتی دیمەشق بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەهۆی گواستنەوەی ئەندامانی داعشەوە درێژکراوەتەوە، ئەم بانگەشەیە بە ڕوونی پشتڕاستی دەکاتەوە کە کردەوە سەربازیی و هێرشە بێشوومارەکان هێشتا لەسەر مێزەکانە و هەڕەشەکانیش بەردەوامن.

 

بۆیە داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە لە ئاستێکی باڵادا هۆشیار بن و هەمیشە ئامادەبن، ڕێوشوێنی ئەمنی پێویست بگرن، چونکە هێشتا مەترسییەکان لەسەر گەل و ناوچەکانمان درێژەیان هەیە.

 

هەروەها داوا لە گەلەکەمان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین، کە درێژە بە ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکانیان بدەن، چونکە هێشتا کۆبانێ گەمارۆ دراوە و گەلەکەمان لە بەرامبەر شەڕی قڕکردن کە دژیان بەڕێوەدەچێت، بەرخۆدان ئەنجام دەدەن.

 

یەکگرتوویی هەڵوێستی گەل و پتەوکردنی ڕۆحی بەرخۆدان، گەرەنتی سەرەکیی ئەم بەرخۆدانەن لە بەرامبەر ئەم سەختییانەدا تا گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش و دادپەروەری بۆ گەلەکەمان.

 

بە گەل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنین کە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و ئاشتی، چونکە وڵاتی سووریامان و گەلەکەمان بەهۆی هێرشە بێشوومارەکانەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە.