ژنانی کۆچبەری عەفرین: لە ماڵەکانمان دەرکراین دەرگای گەڕانەوەش بە ڕووخسارمان داخراوە

ژنانی کۆچبەری عەفرین بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کە کۆتایی بە تورکیای داگیرکەر بهێنن و گەڕانەوەیان بە پارێزراوی مسۆگەر بکەن، ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆچبەری زۆرەملێ و پەنابەری مەترسی لەسەر داهاتووی منداڵان دروست دەکات.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- گەلی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بەهۆی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی تورکیا و هەروەها پێشێلکارییە بەردەوامەکان بەرامبەر بە کۆچبەرەکەن کۆچیان کردووە، ژنانی عەفرین داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بەپەلە هەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ دەرکردنی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی لە ناوچەکە و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی پارێزراو و شکۆمەندانەی کۆچبەران.

 

"حکومەتی کاتی سووریا بەرپرسیارە لەم تاوانانە"

ڕوخشی ئازو، کۆچبەری عەفرین، تیشکی خستەسەر بارودۆخی کارەساتباری سووریا و جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە کۆچی زۆرەملێ و داگیرکاری کردەوە، هێشتا پەنابەران لە دۆخێکی سەختدا لە کەمپ و خوێندنگە و ماڵە کاتیەکاندا دەژین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠١٨ تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر ئێمە، ناچاریان کردین بەرەو ناوچەی شەهبا کۆچ بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ناوچەیەش ڕووبەڕووی هێرش بووەوە، بۆیە ناچار بووین ڕوو لە پارێزگای جەزیرە بکەین، دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، حکومەتی کاتی سووریا ڕایگەیاند، ئێستا دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ عەفرین، بەڵام چۆن بتوانین بگەڕێینەوە و لەگەڵ ئەو کەسانەدا بژین کە منداڵەکانمانیان کوشتووە و ماڵەکانمانیان تاڵان کردووە؟ ئەوانەی کە موڵک و ماڵی ئێمەیان دزیوە و کوشتنیان ئەنجامداوە دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، حکومەتی کاتی سووریاش دەبێت بەرپرسیارێتی هەموو ئەم پێشێلکاریانە لە ئەستۆ بگرێت.

 

"پێویستە چیرۆکی کۆچکردن و داگیرکاری لە سووریا کۆتایی پێبێت"

ڕوخۆش ئازو جەختی لەوە کردەوە کە عەفرین خاکی باوباپیرانیانە و سەرچاوەی کەلتوورەکەیان: ئێمە گەلێکین کە لە خاکی سووریا دروستکراوین و هیوادارین بگەڕێینەوە سەر شار و ماڵ و حاڵی خۆمان، عەفرین لەبیر ناکەین، چەندین ساڵە بەرگەی هەلومەرجی سەختمان گرتووە، هەموو ئەوەی بەرگەی دەگرین لە پێناو گەڕانەوەیە، بەڵام تا ئەو کاتەی چەتەکانی تورکیای داگیرکەر لە عەفرین نەکشێنەوە، ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە، چونکە لەوانەیە بە واتای مەرگ بێت، ئێمە نازانین لە چ ڕۆژێک و لە چ تەمەنێکدا بە شکۆمەندیەوە دەگەڕێینەوە بۆ شارەکەمان، داوای لە حکومەتی کاتی سووریا دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و کۆتایی بە داگیرکاری و کۆچکردنیان بهێنێت.

 

"داگیرکردن و پەنابەری مەترسی لەسەر داهاتووی منداڵەکانمان دروست دەکات"

سۆزان ئۆسۆ، یەکێکی دیکە لە کۆچبەرانی عەفرین، ڕایگەیاند، تورکیای داگیرکەر ئایندەی منداڵەکانیان لەناوبردووە، وتی: دووجار ناچار بووین ماڵ و حاڵی خۆمان بەجێبهێڵین، هەرجارێک هەوڵدەدەین دەست بگرین و بە شکۆەوە بژین، ژیانمان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانیەوە هێرشی دەکرێتە سەر، داگیرکردنی عەفرین و ناوچەی شەهبا کاریگەری بەرچاوی لەسەر سیستمی خوێندن دروستکردووە، ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەقینەی لەسەر ئایندەی منداڵەکانمان دروستکردووە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، مافی خۆمانە بگەڕێینەوە بۆ شارەکەمان و زێدی خۆمان، بۆیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین دەستبەجێ دەستوەردان بکات و چەتەکان لە خاکەکەمان دەربکەن، چونکە ئەوانەی لە عەفرین ئاوارەیان کردین هەموو جۆرە توندوتیژی و لادانێکی ئەخلاقی لە دژی ئەو کەسانە پراکتیزە دەکەن کە لەوێ ماونەتەوە.

 

"نامانەوێت داگیرکەران لەسەر زەوییەکەمان ببینین"

حەنان عەلی ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر چەتەکانی تورکیای داگیرکەر بەتەواوی لە عەفرین دوور نەخرێنەوە، گەڕانەوە پارێزراو نابێت، وتی: ئێمە خاوەنی خاک و خواستی ئازادین، لە عەفرین بەروبوومەکانمان چاند، بەرەنگاری بووین، تا ئەمڕۆش بەردەوامین لە بەرخۆدانمان، گەڕانەوەمان قبوڵ ناکەین لەکاتێکدا چەتەکانی تورکیای داگیرکەر شارەکەمان کۆنترۆڵ دەکەن، ئەوان هەموو جۆرە گەندەڵییەکیان لەوێ هێناوەتە ئاراوە و پراکتیزەیان کردووە، ئێمە لەنێو خۆماندا قبوڵی ناکەین، چونکە ئەمە خاکی ئێمەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوچە داگیرکراوەکاندا منداڵان دەکوژرێن، گەورەکان ناچار دەکرێن ڕێگەی وێرانکەر بگرنەبەر، ماڵی ئێمەش تاڵان دەکرێت، هەموو وڵاتان بەرپرسیارن، دەبێت فشار بخرێتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی چەتەکانی بکشێنێتەوە بتوانین بە پارێزراوی و بە شکۆە بگەڕێینەوە بۆ عەفرین.