مای ساتۆ: نابێت ململانێکان بۆ سەرکوتکردنی کەمینەکان و ناڕازیەکان بقۆزرێتەوە

مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، نیگەرانی قووڵی دەربڕی سەبارەت بە تێکچوونی بارودۆخی زیندانیانی سیاسی کە لە دوای بۆردوومانی زیندانی ئێڤین لەلایەن ئیسرائیلەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێرانەوە سەدان کەس لەوانە چالاکوانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئێران دەستبەسەر کراون، ئەمەش لە هەوڵێکی دەسەڵاتداران بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان.

 

مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕۆژی ٤ی تەمموز هۆشداری دا لە بارودۆخی ترسناکی بەشێک لە زیندانیانی سیاسی کە لەدوای هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین، کە گوازرانەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە و زیندانی قەرچەکی تاران.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندین جار ڕاپۆرتی لەبارەی تێکچوونی بارودۆخی ئەو زیندانیانە و نەزانینی شوێنی هەندێکیان پێگەیشتووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ مەترسییەکانی "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ".

 

ئاماژەی بەوەدا کە سەدان کەس لەوان بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی،ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی مافی مرۆڤ، لەوانە کورد، بەلوچی، عەرەب، بەهایی و هاوڵاتیانی بیانی، ئەفغانی، بە تۆمەتی وەک هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل یان سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیر کراون.

 

لە درێژەی قسەکانیدا بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایگەیاند کە نابێت هیچ حکومەتێک کەشوهەوای ململانێ و شەڕ بقۆزێتەوە بۆ چڕکردنەوەی سەرکوتی کەمینەکان و نەیارانی سیاسی.

 

ڕاپۆرتە ترسناکەکان سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەتی دوای چڕبوونەوەی فشارە ئاسایشییەکان و گواستنەوەی نهێنی لە ناو زیندانەکاندا، جارێکی دیکە سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ چارەنووسی زیندانیانی سیاسی لە ئێران ڕاکێشاوە.