لە وۆرکشۆپی "پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان" ڕۆڵی ژنان لە پرسی ئاشتی تیشکی خرایەسەر

وۆرکشۆپی ڕاگەیاندنی "پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان" کە بەیانی ئەمڕۆ لە سلێمانی دەستیپێکرد، کۆتایی هات و تێیدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی ژنان لە پرسی ئاشتی و توندوتیژییەکانی بەردەمیان.

سلێمانی 

 

بەیانی ئەمڕۆ ٥ی تەمووز، لە هۆڵی کتێبخانەی تەواری شاری سلێمانی، وۆرکشۆپی “پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان” بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، هونەرمەندان و نووسەران دەستیپێکرد، سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و وتەی دەستپێکی مەراسیمەکە لەلایەن شەیدا مەعروف خوێندرایەوە، پاشان ڕاپۆرتی پلاتفۆرمەکە لەلایەن سارا ڕەزا پێشکەش کراو تیشکی خستەسەر سیستمی جیهانی کە بە شێوازێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیزاین دەکرێتەوە و سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە هەڵدەوەشێنێتەوە.

 

هاوکات، لەلایەن دیوانی پلاتفۆرمەکە لەوانە شیرین تەها، ڕووناک مەجید و گوڵستان سەعید ئامانجی پلاتفۆرمەکە خرایەڕوو، درێژە بە گفتوگۆکان درا و تیشک خرایە سەر پرسی ژن و نەتەوەی کورد بە ئامانجی یەکڕیزی و یەکدەنگی ژنان و چارەسەرکردنی ئاستەنگییەکانی بەردەمیان و یەکپارچەیی کورد، دواتر لە لایەن ئامادەبووان دەستکرا بە خستنەڕووی پێشنیازەکان و ڕاگۆڕینەوەی ئەو پرسانەی کە پەیوەستبوون بە پلاتفۆرمەکە، لە گفتوگۆکاندا بۆچوونی خۆیان دەربارەی ڕەوشی سیاسی لە باشووری کوردستان و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن دەربڕی و داوایان کرد ژنان یەکگرتووبن، هەتا ژنان ئازاد نەبن و ڕزگاریان نەبێت لە داگیرکاری و چەوساندنەوە، ناتوانن ژنان یەکدەنگ بن.

 

هەروەها تیشک خرایە سەر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی بەتایبەت لە دوای پەیامەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەمووان توانا و هێزی خۆیان بکەن بەیەک و جیاواز لە بیر و بۆچوونی ئایدۆلۆژی کاربکەن بۆ دەستهێنانی ئامانجەکانیان.

 

دوای تەواوبوونی بەرنامەکانی وۆرکشپۆکە بڕیار وایە ئەنجامنامەی وۆرکشۆپەکە ڕابگەیەندرێت.