پیسبوونی هەوا ساڵانە ٩ ملیۆن کەس دەکوژێت و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات
ڕاپۆرتێک کە لەلایەن بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە پشتڕاستی دەکاتەوە کە پیسبوونی ژینگە ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی نزیکەی ٩ ملیۆن کەس، لەگەڵ زیادبوونی ٦٦%ی مردنە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا.

ناوەندی هەواڵ
پیسبوونی ژینگە وەک یەکێک لە گەورەترین ئاڵەنگاریەکان سەرهەڵدەدات کە مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی هەیە، ئیتر دەرئەنجامی یەک هۆکار نییە، بەڵکو دەرئەنجامی تێکەڵەیەک لە هۆکارەکانە، لەوانە چالاکییە پیشەسازییە ڕێکنەخراوەکان، پشتبەستنی زۆر بە سووتەمەنی بەردینی و چەندین هۆکاری دیکە.
لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراوەتەوە ئاشکرایکردووە، پیسبوون ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی نزیکەی ٩ ملیۆن کەس، ئەمەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ٦٦%ی ژمارەی مردنەکانی پەیوەست بەوەوە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە گەشەسەندنی خێرای بەرهەمهێنانی پیسکەرەکانی وەک پلاستیک و ماددە کیمیاییەکان و سەرچاوە دەرهێنراوەکان کە لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن، لەگەڵ لاوازی سیاسەتە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان و کەمی وەبەرهێنان لە خۆپاراستن و چاودێریکردندا، بەشدارییەکی بەرچاویان کردووە لە توندبوونەوەی ئەم قەیرانە ژینگەیی و تەندروستییە جیهانییە.
ڕاپۆرتەکە جەختی لەوەکردەوە کە گەیشتن بە ئامانجی "پیسبوونی سفر" پێویستی بە بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی پیسکەرە سەرەکییەکان هەیە، لەوانە پلاستیک، پیسکەرە ئۆرگانییە بەردەوامەکان "POPs"، نایترۆجینی کارلێککەر، ئاوەڕۆ، پاشماوەی ڕەق و گەردیلە وردەکان، هەروەها داوای دووبارە داڕشتنەوەی ستانداردە توندەکان و جێبەجێکردنی کرد بۆ پراکتیکەکانی پیشەسازی، بەتایبەتی لەو کەرتانەی کە شوێنپێی ژینگەیی گەورەیان هەیە، وەکو کانگا، ئەلیکترۆنیات و پیشەسازی مۆدەی خێرا.