ژنان گەواهیدەرێکی باشترن
ژنان باشتر دەتوانن ڕوخساری تۆمەتبارەکان بناسنەوە و وەسفی ڕوخسارەکان بکەن بۆ دیاریکردنی ڕوخساریان.
تەرزە تەها
سلێمانی- بەپێی ڕاپۆرتێک لە ڕۆژنامەی "زە تایمز"ی بەڕیتانی، ژنان لە ناسینەوەی ڕوخسارەکاندا لێهاتووتر دەتوانن ڕوخسارەکان وەسف بکەن.
ڕاپۆرتەکە لەسەر زاری " تۆنی بارنز" ئەفسەری بەڕیتانی وەرگیراوە، کە ئەزموونی زیاتر لە ٥٤ ساڵی کاری پۆلیسی تایبەت بە دروستکردنی ڕوخساری تاوانبارەکانی بە پێی وەسفی گەواهیدەرەکان هەیە، دەڵێت "ژنان تیژ بینترن و لە ناسینەوەی ڕوخسارەکاندا لێهاتووترن".
بەپێی وتەی ئەو ئەفسەرە، ژنان سەرکەوتووترن لە بیرهێنانەوەی ڕوخسارەکان، لە کاتی کاری ڕۆژانە و ڕێکردنیاندا زیاتر هۆشیارن و ئاگاداری ئەوەن چی لە دەوروبەریان ڕوودەدات و کێ دەبینن، لەبەر ئەوەشە باشتر دەتوانن ڕوخسارەکان بە بیر خۆیان بهێننەوە، ئەم لێهاتووییەی ژنان هاوکارێکی باشی ئەفسەرەکانە بۆ دیاریکردنی ڕوخساری تۆمەتبارەکان و دروستکردنی ڕوخساری کەسەکان بەپێی وەسفی گەواهیدەرەکان.
ت.پ