برایەک دوو خوشکی خۆی دەکوژێت
لە شاری کەرکوک پیاوێک بە دەستڕێژی گولە کۆتای بە ژیانی دوو خوشکی دەهێنێت، لە ڕاگەیاندنی کوشتنەکاندا بە کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی بەناو دەکرێت، توێژەرێکیش دەڵێت هیچ هۆکارێک ناکرێت بگاتە کوشتن و پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن.
ناوەندی هەواڵ
لە گەڕەکی ڕەحیماوای شاری کەرکوک لە ئێوارەی دوێنێدا برایەک دووخوشکی خۆی بە گولە دەکوژێت، دوای ئەنجامدانی تاوانەکەش هەڵدێت.
پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک ڕایگەیاند، تەمەنی کەسی بکوژ ٣٣ ساڵە و ناوی ( هـ.خ.ن ) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٧، تەمەنی دوو ژنە کوژراوەکە ١٩ ساڵ و ٢٥ ساڵ دەبێت، پۆلیس ئەوەشی خستووەتە ڕوو کەسی بکوژ پێشتر تاوانی تری ئەنجام داوە و کوژی مامی خۆیەتی بەلام دواتر ئازاد کراوە.
سەبارەت بە هۆکاری ڕوداوەکەش ڕایگەیاند کەسی بکوژ یان نەخۆشی دەروونی هەیە ، یان هۆکارەکە کۆمەڵایەتییە.
ڕۆژانە ژنان بە هۆکارە جیاوازەکان دەکوژرێن و کوشتنەکانیان دەخەنە ملی کێشەی کۆمەڵایەتی یاخود نەخۆشی دەروونی، ئەمەش بۆ پەردە پۆشکردنی بابەتەکە و شاردنەوەی ڕاستی ڕووداوەکانە.
"بۆ هەر ژن کوشتنێک یەخەی لایەنی کۆمەڵایەتی دەگیرێت"
دەربارەی بە ناوکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی لە کوشتنی ژناندا، کەنار کەمال توێژەری کۆمەڵایەتی بۆ ژنها دەدوێت و دەڵێت: "بۆ هەر ژن کوشتنێک یەخەی لایەنی کۆمەڵایەتی دەگیرێت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکە پابەندە بە دابونەریتەوە، بەردەوام توند بنەما کۆمەڵایەتییەکانی گرتووە وەک بنەما پەروەردەیی و خێزانییەکان، ئەگەر بازدانێکی بچوک لەم یاسا کۆمەڵایەتیە خێزانیە یاخود یاسا نەریتیەکانی کۆمەڵگە ڕووبدات ئەوا بە کارەسات کۆتای دێت"، هەروەها دەشلێت هەندێکجار وشەی نەخۆشی دەروونی بەکاریەت کە ئەم دوو چەمکە کۆمەڵگەی کوردەواری زۆر بە ئاسانی پێی ئەوێرێت.
کەنار دەزگاکانی راگەیاندنیش بەرپرسیار دەکات و دەڵێت لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا ڕاگەیاندن لێکۆڵینەوە ناکەن و هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی دەدەنە پاڵ ژنەکە.
ئەو توێژەرە باس لەوە دەکات بەشێک لە کوشتنەکان کۆمەڵایەتین و دەڵێت: کۆمەڵگا توانای هەزمکردنی کرانەوە و ئازادی ژنانی نییە، بۆیە دەبێتە هۆی کێشەی کۆمەڵگا بەڵام ئەمەش لە ئاستی ئەوەدا نییە ببێتە هۆی کوشتن و کارەساتی وای لێبکەوێتەوە.
لە کۆتایدا کەنار کەمال دەڵێت هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و تاک پێویستە لە ڕێگەی پەروەردە و ڕاگەیاندنەوە، بە تایبەتیش ڕاگەیاندن پێویستە ئەو هەڵەیە ڕاستبکرێتەوە و چیتر هۆکارەکان نەبەستنەوە بە کێشەی کۆمەڵایەتی.
ت.پ