ڕژاک: بێدەنگی بشکێنن لەپێناو ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراواندا
ماوەی ٨ ڕۆژە سێ ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون و زانیاری لەبارەیانەوە نازانرێت، لەبەیاننامەیەکیشدا ڕژاک داوا دەکات ژنان بێدەنگ نەبن بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان.
سلێمانی
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بە بەشداری ژنانی چالاکوان، سیاسەتمەدار و سەرجەم چین و توێژەکان، بەیاننامەیەکیان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە و تێیدا ئیدانەی دەستگیرکردنی سێ ئەندامی ڕێکخراوەکەیان کرد.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نەرمین کەریم، ئەندامی ڕێکخراوی ڕژاک، بەیاننامەکەی بۆ ڕای گشتی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە سێ لە ئەندامەکانیان بە ناوەکانی "خەولە محەمەد حەسەن، جوانە عەبدولباقی، سەیران ئەحمەد حەسەن"، لە دوای گەڕانەوەیان لە شەنگال لە بازگەی کەڵەک لەلایەن پەدەکەوە دەستگیر کراون و ماوەی ٨ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نازانرێت، وەک ڕێکخراوەکەش شەرمەزاری هێرش و دەستدرێژییەکانی دەسەڵات بۆ سەر ژنان دەکەن.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە: سەرانی دەسەڵات بێ چارەماون کە نەیانتوانیوە بە پێدانی پارە و پلە و پۆست و هەڕەشە ئیرادەی ئەندامانی ئێمە بشكێنن. هەر بۆیە بێ ئەوەی حساب بۆ هیچ دابونەریت و کلتوورێکی سیاسی و یاسایی و كۆمەڵایەتی بكەن، لە رۆژی ٤-٨-٢٠٢١ەوە ئەم سێ ژنە پێشەنگەیان بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەكی یاسایی خستۆتە زیندانەوە. ئاشكرایە جگە لە ئەندامەکانی ئێمە ماوەیەكە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە بەهۆكاری ترس لە پێشكەوتنی ئیرادەی ئازادانەی تاک و لەپێناوی پێكهێنانی ئەركە نۆكەرایەتییەكان، دەستی بەرەشبگیری كردووە و چەندین چالاكوانی سیاسی و مەدەنی دەستگیركردووە.
ڕژاک داوا لە رێكخراوەكانی ژنان و كەسایەتی چالاكوان و پەرلەمانتاران دەكای كە بەزووترین كات هەڵوێستی خۆیان پیشان بدەن و بێدەنگییەكانیان بشكێنن، هەروەها: داوا لەهەموو خەڵكی خاوەن هەڵوێست دەكەین كە زۆرترین فشار دروست بكەن لەپێناوی ئازادكردنی تەواوی گیراوانی سیاسی و مەدەنی. ئێمەش وەك رێكخراوەكەمان بێدەنگ نامێنین لە پێناوی ئازادیاندا، بێوچان لە تێكۆشاندا دەبین بۆ ئازادی هەموو ژنان.
جێی ئاماژەیە ماوەی ٨ ڕۆژە دوو ئەندامی بەڕێوەبەری ڕژاک و ئەندامێکی دیکەی ڕێکخراوەکە لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیرکراون و زانیارییان لەبارەوە نازانرێت، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوەکە مۆڵەتی فەرمی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە بۆ وەرگیراوە تا بتوانن لە هەموو جێیەکدا چالاکی و کارەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن.
ت.پ