تورکیا، لە مانگی تەمووزدا ٢٠ ژن کوژراوە
لە مانگی تەمووزدا لە تورکیا لەلایەن باوک، هاوژین و کەسی نزیکەوە ٢٠ ژن کوژراون، گومان لە کوشتنی ١٢ ژنیش دەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
لە تورکیا لە مانگی تەمموزدا ٢٠ ژن کوژراون، مردنی ١٢ ژنیش وەک مردنی گوماناوی لەو مانگەدا تۆمار کراوە، بەپێی راپۆرتی پلاتفۆرمی ژنان، کە لە ڕۆژنامە ناوخۆیی و نەتەوەییەکان و ماڵپەڕەکانی هەواڵ و ئاژانسەکانی هەواڵ کۆیان کردووەتەوە.
١٠ ژن لەلایەن هاوژینەکانیان، ٢ ژن لەلایەن هاوکارەکانیان، ٢ ژنی دیکە لەلایەن کەسانی ناسراو، یەک ژن لەلایەن باوکی، یەک ژن لەلایەن کەسوکارەکەی و یەکێک لەلایەن هاوژینی پێشووی، یەکێک لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژراون و ژنێکیش لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژراوە.
ژنان دەست لە پەیماننامەی ئیستەنبوڵ هەڵناگرن
پلاتفۆرمەکە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەداوە لە چەندین شاری تورکیا لە دوای ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ کشانەوە لە پەیماننامەی ئیستەنبوڵ، ڕژاونەتە شەقامەکان و لە ١٩ حوزەیراندا لە ئیستەنبوڵ سەرجەم ڕێکخراوەکان گردبوونەوە بە دروشمی "ئێمە دەست لە پەیماننامەی ئیستەنبوڵ بەرنادەین".
هەروەها دروشمەکانی "دەستوور جێبەجێ بکەن، یاسا، پەیمان!، ئێمە هەمیشە بە تێکۆشانی بەهێز بڕیارماندا، لەدژی دەسەڵات و سیستم لەسەر شەقامەکانین"یان بەرز کردەوە، داواشیان کرد کە لێکۆڵینەوەی پێویست و دادگایی کردنی کاریگەر ئەنجام بدرێت بۆ کەیسی کوشتنی ژنان و مردنی بەگومان.
ت.پ