ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی تەواوی عێراقدا بەردەوامە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشیاری دەدات

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لێدان و ئەشکەنجەدان بەڕێگای جۆراوجۆر تا ئێستا لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەردەوامە و یاساکان زۆرینەیان تەنها بۆ سەر کاغەزن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە، کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٢٣٥ کەس لە گیراوانی زیاندانەکاندا لە ماوەی یەکی تەمموزی ٢٠١٩ تا ٣٠ی نیسانی ئەمساڵ ئەنجامداوە، تا ئێستاش بە چەندین ڕێگای جیاواز و بە ئاشکرا ئەشکەنجەدان لە زیندانەکاندا هەیە و یاساکان تەنها بۆ سەر کاغەزن و جێبەجێناکرێن.

 

لەو ڕاپۆرتەدا دەرکەوتووە، کە بە بۆری، وایەری کارەبایی و لێدان و سوکایەتی پێکردن ئەشکەنجەی دەستگیرکراوان و بەندکراوان لە زیندانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا دەدرێت، هاوکات ئەو یاسانەی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەردەچن زۆرینەیان تەنها بۆ سەر مرەکەبی سەر کاغەزن و جێبەجێناکرێن، ئەمەش وایکردووە هاوڵاتیان متمانەیان بە یاسا نەمێنێت.

 

 هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەرچەندە بەپێی یاسا ئەشکەنجەدانی بەندکراو بە تاوان ئەژمار دەکرێت، بەڵام تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، لەکاتێکدا بە وتەی ستێفان دوجاریک، وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، زیاتر لە نیوەی ئەو گیراوانەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە ئەشکەنجەدراون.

 

بە وتەی جینین بلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، کە پاساو هێنانەوە بۆ ئەشکەنجەدان لە ژێر هیچ دۆخێکدا پەسەندکراو نییە، پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ڕێگریکردن لە تاوانە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، کە لە ٢٤ کاتژمێری دەستبەسەر گرتندا بێڕێزی بە بەندکراوان دەکرێت، دەستگەیشتن بە پارێزەر تا دوای لێکۆڵینەوەکان دوادەکەوێت.

 

هەروەها ئەوەدەخاتەڕوو، کە بەهۆی ئەوەی دەسەڵات ئەشکەنجەدان پشتگوێ دەخات، بۆیە ئەمەش کاریگەرییەکەی لە زیادبوونی نادادپەروەریدا دەردەکەوێت.

 

لە کۆتایشدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند پێشنیارێک دەخاتەڕوو، ئەوانیش پەسەندکردنی یاسای گشتگیری دژە ئەشکەنجە و و کاری نەتەوەیی، تا عێراق بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کاربکەن.

 

ت.پ