پادێ حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکانی بەرز ڕاگرت
پادێ بە بەشداری ژمارەیەک لە ڕێکخراو و چالاکوانان ٧ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بەرز ڕاگرت، داواشیان کرد چاوی داگیرکاری و لەناوبردنی ئێزیدییەکان لەسەر گەلی شەنگال هەڵبگیرێت و دان بە جینۆسایدکردنیان بنرێت.
سلێمانی
ئێوارەی دوێنێ لە شاری سلێمانی، پارتی ئازادیی و دیموکراسیی ئێزدییان-پادێ لە یادی ٧ەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکانەوە، ڕێوڕەسمێکی بۆ یادی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی ئێزیدییەکان لەلایەن داعشەوە ڕیکخست.
لە ڕێوڕەسمەکەدا هەریەک لە نوێنەرایەتی کۆنگرە ستار، پارتی سەوزی کوردستان، تەڤگەری ئازادی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و دانیشتوانی کامپی ئاشتی و ئێزیدییەکانی دانیشتووی شاری سلێمانی بەشدار بوون، تێیدا جەختکرایە سەر یەکڕیزی گەلی کورد دژ بە هێرش و داگیرکارییەکان.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوانی گەلی شەنگال دەستیپێکرد، پاشان سیمینار لەلایەن ڕیهام حەسەن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری خۆسەری شەنگال، پێشکەشکرا و ڕایگەیاند: ئەو کۆمەڵکوژیانەی بەرامبەر بە گەلی شەنگال ئەنجام دەدرێت ئەگەر خۆبەڕێوەبەری گەلی شەنگال دروستنەبێت، ئەو کۆمەڵکوژییەکان بەردەوام دەبێت و بەردەوام گەلی شەنگال و ئێزیدییەکان دەچەوسێنرێنەوە.
ڕیهام ئاماژەی بەوەشدا زۆرکات لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی دوژمنانەوە پیشاندەدرێت کە شەنگال نائارامە، بەڵام بە پێچەوانەوە گەلی شەنگال و شەنگال ئارامە و توانای بەرخۆدان و خۆبەڕێوەبردنی تەواوی هەیە و تێکۆشان بەردەوامە بۆ وەدەرنانی داگیرکاران.
وتیشی سەرباری کۆمەڵکوژییەکانی سەر شەنگال، بەڵام گەلی ئێزدی بە بەرخۆدانی و تێکۆشانی خۆی لەسەر پێ ماوەتەوە، هەر بۆیە پێویستە ئەم ڕۆژە بکرێتە ڕۆژی بەرخۆدانی ئێزیدییەکان و ڕۆژێک بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە و دەست لەناو دەستی ئێزیدییەکان.
دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانی بەرگری لە شەنگال بکەن
فەوزییە عەبدول کەریم، ئەندامی کۆمیتەی دایکانی لەچکسپی، جەختی لەوە کردەوە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ترسنۆکانە پشتیان لە گەلی شەنگال و ئێزییدییاکان کرد.
ئاماژەی بەوەشدا، تەنها داعش بکەری جینۆسایدەکە نەبووە، بەڵکو بە هاوکاری وڵاتانی داگیرکەری وەک دەوڵەتی تورکیا پلان بۆ جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان دانراوە، داواش دەکات وڵاتانی زلهێزەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کار بکەن لەسەر ئەو ژنانەی وەک کەنیزەک لەلایەن داعشەوە بەکاردەهێنرێن.
لە هەر شوێنێک کوردێک هەبێت، هەوڵی قڕکردنی دەدرێت
ڕوناک مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، دەربارەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان وتی: "هەموو پارچەکانی کوردستان لە ژێر ناوی جیاوازی دین هەوڵی قڕکردنیان دەدرێت، دوژمن بە لەناوبردنی شەنگال هەوڵی لەناوبردنی گشت چوارپارچەی کوردستان دەدات"، باسی لەوەشکرد ئەم کۆمەڵکوژییەی کۆتا بووە هۆی ئەوەی گەلی ئێزدی خۆی بە ڕێکخستن بکات و ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە، داواش دەکات کۆمەڵکوژییەکەی ٢٠١٤ لە دادگای لاهای بە جینۆساید دابنرێت هەروەها دان بە خۆبەڕێوەبەری شەنگال بنرێت.
هێرشکردنە سەر شەنگال پلانی پێشوەختەی دەوڵەتانی داگیرکار بوو
بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ڕایگەیاند "بە هۆی ئەوە شەنگال ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆیە بووەتە چقڵ بۆ چاوی دوژمنان و هەوڵی داگیرکردنی دەدرێت لەلایەن گشت وڵاتانی زلهێز، کۆمەڵکوژییەکانی شەنگال جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو کۆمەڵکوژیانەی بەسەر ناوچەکانی دیکەی کوردستاندا هاتووە.
دواتر بە کورتە ڤیدیۆییەک ئەو کۆمەڵکوژییەی بەسەر گەلی شەنگالدا هات لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، هەروەها ئەو ئازارانەی ڕووبەڕووی گەلی شەنگال بووەوە نمایشکرا.
ت.پ