یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی باشوور کۆبوونەوە

یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازادی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن و شارەزایانی بواری ڕاگەیاندن کۆبوونەوە و باسیان لە دۆخی ڕۆژنامەگەری ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کتێبخانەی گشتی بەکرەجۆ یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ بەشێک لە شارەزایانی بواری ڕاگەیاندنەکان و نوێنەری دەزگا ڕاگەیاندنەکان کۆبوونەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا بەنگین سەید هاوسەرۆکی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ئاستێکی باشدایە ،باسی لەوەشکرد ئەوان بە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ڕاگەیاندنی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

 

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا عامر موراد هاوسەرۆکی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا باسی لەوەکرد، کە ئەگەرچی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئازادی فەراهەم کراوە بەڵام تا ئێستا دەزگایەکی نیشتیمانی نییە، ئەمەشی بۆ کەمی پێداویستییە تەکنیکییەکان و توانای مرۆی گەڕاندەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە لە ئێستادا بۆ پێشخستنی توانا مرۆییەکان لە بواری ڕاگەیاندندا بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی ڕۆژئاوا کراوەتەوە.

 

ئەڤین یوسف، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازادی ڕۆژئاوا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها، دەربارەی دۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بە  بەشداری ژنان لە بواری ڕۆژنامەگەریدا و وتی: "لە سەرەتادا بەهۆی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەشداری ژنان بۆ کاری ڕۆژنامەوانی زۆر کەم بووە، بەڵام ئێستا لە ئاستێکی زۆربەرزدایە، و  %٦٠ ڕۆژنامەنووسان لە ژن پێکهاتوون".

 

لە ڕۆژئاوای کوردستاندا زیاتر لە ١٠٠ دەزگای میدیای هەیە، بەشی زۆریان ناوچەین و تایبەتن بە شارێکی دیاریکراو، نزیکەی هەزار ڕۆژنامەنووسیش هەیە، یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازادیش لە سالی ٢٠١٢ دامەزراوە و تا ئێستاش پێنج کۆنگرەی بەستووە و ٣٠٠ ئەندامی هەیە، ساڵانە ڕاپۆرت ئامادە دەکات دەربارەی دۆخی ئازادی ڕۆژنامەنووسی و کاری ڕۆژنامەوانی.

 

ت.پ