ئەکادیمیای توێژینەوەی زانستی: زمانی کوردی پایەیەکی سەرەکی بوونی نەتەوەییە

لە شاری قامیشلۆ، ئەکادیمیای توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە گرنگی پاراستنی زمانی دایک بڵاوکردەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا، هاتووە کە زمانی کوردی بناغەی سەرەکی شوناسی کولتووری و بوونی نەتەوەیی گەلی کوردە لە سووریا.

قامیشلۆ

 

زمان لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا تەنها ئامرازی پەیوەندی نییە، پایەی سەرەکی شوناس و کولتوور و بوونی نەتەوەییە، ئەو هەڵوێست و هەوڵانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستن و پێشخستن و پەروەردەکردن بە زمانی کوردی ئەنجام دەدرێن، بە شێوەیەکی زانستی بەرفراوانتر دەبن.

 

لە کاتێکدا گفتوگۆکان لە سووریا بەردەوامن سەبارەت بە داهاتووی پەروەردە و شێوازە نوێیەکانی وەزارەتی پەروەردە، گەلی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان بەبێ پچڕان و بە بیرۆکەیەکی گەورە درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ئەکادیمیای توێژینەوەی زانستی لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان سەبارەت بە گرنگی پاراستنی زمانی دایک لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەنووسان دا، ئەو لێدوانە لە بەردەم نووسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان دراوە، مەهدی حسێن بە نوێنەرایەتی ئەکادیمیای توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

 

”ئەمە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە”

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە لە سووریا ڕوودەدەن و لە ناوەڕاستی گفتوگۆی نیشتمانی لەسەر داهاتووی دیموکراتی و فرەیی وڵات، ئەکادیمیای توێژینەوەی پەروەردەیی لە نزیکەوە و بەرپرسیارانە بەدواداچوون بۆ پێکهاتەکانی پەیوەست بە مافەکانی زمانی کوردی لە سووریا بە تایبەت لە بواری پەروەردە و وانەوتنەوەدا دەکات و بەم شێوەیە ڕاگەیاندراوە:

 

زمانی کوردی تەنها ئامرازێکی پەیوەندی نییە، یەکێکە لە بناغە سەرەکییەکانی ناسنامەی کولتووری و بوونی نەتەوەیی گەلی کورد لە سووریا و بەشێکە لە پەیکەری دەوڵەمەندی کولتووری و زمانەوانیی کۆمەڵگەی سووریا، گەلی کورد بۆ دەیان ساڵە بە هۆی سیاسەتی نکۆڵی و دوورخستنەوە لە مافە بنەڕەتییە زمانەوانی و کولتوورییەکانی بێبەش بووە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.

 

”ئەم بڕیارە وەڵامی داواکاری و هیواکانی گەلی کورد ناداتەوە”

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٦ کە هاوڵاتیانی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕاستەقینەی گەلی سووریا دەناسێت و زمانی کوردی وەک زمانێکی نەتەوەیی قبوڵ دەکات و ڕێگە دەدات زمانی کوردی لەو ناوچانەدا بخوێندرێت کە دانیشتووانی کوردیان زۆرە، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بە کردەوە کەلێنێکی گەورەی لە نێوان دەق و ڕاستیدا دەرخستووە، و بەردەوامیش بووە:

 

بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە و ڕاهێنانی سووریا، کە لە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٦ دەرچووە، خوێندنی زمانی کوردی بۆ تەنها سێ وانە لە هەفتەیەکدا سنووردار دەکات و بە بابەتێکی هەڵبژاردە یان چالاکییەکی کولتووری دەزانێت، وەڵامی داخوازی و چاوەڕوانییەکانی گەلی کورد ناداتەوە و پێچەوانەی بنەمای مافی خوێندن بە زمانی دایکە، مافێک کە لە بەڵگەنامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا پارێزراوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم داواکاریانەی خوارەوەی خستۆتە ڕوو:

 

١- دانپێدانانی تەواوی دەستووری زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە سووریا، لەگەڵ زمانی عەرەبی، مسۆگەرکردنی بەکارهێنانی لە بواری گشتی و دامەزراوە فەرمی و پەروەردەییەکاندا، بەگوێرەی بنەماکانی هاوڵاتیبوونی یەکسان و فرەچەشنی کە داهاتووی سووریایەکی دیموکراتی لەسەر بونیاد نراوە.

 

٢- وەرگرتنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەتایی پەروەردە لەو ناوچانەی کە ژمارەی دانیشتوانی کورد لە زیادبووندایە، نەک تەنها وەک بابەتێکی هەڵبژاردە سنووردار بە سێ وانە لە هەفتەیەکدا، مافی خوێندن بە زمانی دایکی، مافێکی بنەڕەتییە و ناتوانرێت بۆ چەند کاتژمێرێک کورت بکرێتەوە، بەو پێیەی ڕێگە نادات خوێندکار زمانەکەی بە باشی فێربێت و بەو زمانە بیربکاتەوە و داهێنەر بێت.

 

٣-پەرەپێدانی پەرتوکی قوتابخانە بە زمانی کوردی، بە هاوکاری شارەزایانی کورد و دامەزراوە پەروەردەییەکان، هەروەها دابینکردنی مامۆستایی شارەزا بۆ وانەوتنەوە بە هەموو بابەتەکان بە زمانی کوردی.

 

٤- داننان و پاراستنی مافی مامۆستایان و مامۆستای ژن کە ساڵانێکیان بۆ پەرەپێدانی پەروەردەی زمانی کوردی تەرخان کردووە، هەروەها مسۆگەرکردنی بەشداری کارایان لە هەر چاکسازییەکی پەروەردەیی داهاتوودا، هەروەها پاراستنی ئەزمونی پیشەیی و دەستکەوتەکانیان.

 

٥- نەهێشتنی هەموو سیاسەتەکانی هەڵاواردن و دوورخستنەوەی زمانەوانی لە کایەی گشتیدا و مسۆگەریکردنی ڕێزگرتن لە فرەچەشنی کولتووری و زمانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا، وەک مسۆگەرییەکی بنەڕەتی بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری هەمیشەیی لە سووریا.

 

”ئێمە سووریایەکی یەکسانمان دەوێت”

 

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، وتی: ئێمە لە ئەکادیمیای توێژینەوەی پەروەردەیی داوا لە هەموو هێزە نیشتمانی و دیموکراتیەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان و مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ دەکەین کە پشتیوانی لەم داواکارییە ڕەوایانە بکەن و کار بۆ دادپەروەری زمانی کوردی و مسۆگەرکردنی مافی پەروەردەکردنی منداڵانی کورد بە زمانی دایکی خۆیان بکەن.

 

ئەو سووریایەی چاوەڕێی دەکەین، سووریای هاوڵاتیانی یەکسان و دیموکراتییە