تەرمی شەهید دیلان شرناخ لە بناری قەندیل بەخاک سپێردرا
تەرمی شەهید دیلان شرناخ، فەرماندە و تێکۆشەری ۳۲ ساڵەی تەڤگەری ئازادیی ژنان، لە مەراسیمێکی بەشکۆدا و بە بەشداریی جەماوەرێکی بەرچاو، لە گۆڕستانی شەهید محەمەد قەرەسوونگوور لە بناری قەندیل بەخاک سپێردرا.
ناوەندی هەواڵ
لە مەراسیمێکی بەشکۆدا، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک، کەسوکاری شەهید و نوێنەرانی تەوژمە جیاوازەکان، تەرمی شەهید «دیلان شرناخ»، کە بە ناوی ڕاستەقینەی ڕابیعە بارنچ ناسراوە، لە گۆڕستانی شەهیدان " محەمەد قەرەسونگول " لە بناری قەندیل بە خاک سپێردرا.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، سۆزدار دڵسۆز بە ناوی پاژک قسەی کرد و لە وتەکانی خۆیدا ئاماژەی بە ژیان و تێکۆشانی شەهید دیلان کرد.
سۆزدار دڵسۆز وتی، شەهید دیلان لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ بیر و هەستی ئازادی ئاشنا بووە و لە گەنجیدا بڕیاری بەشداری لە تێکۆشانی ئازادی و ڕیزەکانی گەریلا داوە و بە بێ دوودڵی بەردەوامی بە تێکۆشانەکەی داوە.
بەپێی وتەکانی سۆزدار دڵسۆز، شەهید دیلان لە ماوەی تێکۆشانی خۆیدا وەک فەرماندەیەکی هێزی ژنان و هەروەها وەک بەرپرسی تەڤگەری ژنان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا چاڵاکی کردووە و بەشێکی گرنگی ژیانی خۆی بۆ ڕێکخستن و پەروەردەکردنی ژنان و گەل تەرخان کردووە.
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە شەهید دیلان لە ساڵی ١٩٩٤ەوە کە بە تێکۆشانەکەوە پەیوەست بووە، تا کاتی شەهیدبوونی بە بێ وەستان بەردەوام بووە و لە کۆتایی شەڕ و بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، لە بەرخۆدانی تەبقا و ڕەقەشدا بەشداری کردووە.
بەپێی قسەکانی سۆزدار دڵسۆز، شەهید دیلان سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشییەکی سەخت، ماوەیەکی درێژ بە تێکۆشانەکەی بەردەوام بووە و تا دوا ساتەکانی ژیانی لەسەر ئەو ڕێبازە مایەوە.
سۆزدار دڵسۆز لە کۆتایی وتەکانی خۆیدا وتی، شەهید دیلان بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی تەنها ناوی شەهیدێک نییە، بەڵکو وەک یادەوەرییەکی تێکۆشان و ڕەنجی ٣٢ ساڵەی دەبینرێت و هاوڕێکانی خۆیان بە بەردەوامبوون لە خاوەندارێتی ئەو ڕەنج و میراثە پابەند دەزانن.
لە بەشی دیکەی مەراسیمەکەدا، سەلیم عەبدولڕەحمان، برای شەهید دیلان، بە ناوی خانەوادەکەی قسەی کرد و وتی کە ڕێگای شەهیدان بەجێ ناهێڵن و بەردەوامی بە ڕێبازی ئەوان دەدەن.
ئەو هەروەها هیوا خواست کە خاکی کوردستان ڕزگار ببێت...
مەراسیمەکە دوای وتار و قسەکان، بە خوێندنەوەی درووشمی شەهید نامرێت، بژی ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی پێهات.
ناسنامەی شەهید:
ناسناو: دیلان شرناخ
ناوی ڕاستەقینە: ڕابیعە بارنچ
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٧٧، شرناخ
دایک و باوک: زەلیحە ـ عەبدولڕەحمان
ساڵ و شوێنی بەشداریکردن: ١٩٩٤، زاخۆ
ڕێکەوتی شەهیدبوون: ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦