"ڕووماڵنەکردنی ڕووداوەکانی کوشتن ڕووداوەکان کەم ناکاتەوە"

ئاڵا ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس دەڵێت: شاردنەوەی تاوانەکان نابێتە هۆکاری چارەسەر، بەڵکو ڕێگە خۆشکەرە بۆ سوڵحی عەشایەری کە چارەسەرێکی ناتەندروستە.

هێرۆ عەلی

 

سلێمانی-لە نووسراوێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری ولاوانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، “ئاگاداری سەرجەم میدیای بینراو، بیستراو، پۆرتاڵ و ڕایەڵە ئەلیکترۆنییەکان ئەکەینەوە، خۆتان بەدووربگرن لە بڵاوکردنەوە و ڕووماڵی هەواڵی تاوان، بەتایبەت تاوانی کوشتن و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری کوژراو و لێکدانەوە و شێوازی ئەنجامدانی تاوانەکە، کە پێچەوانەی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانە".

 

ئەم ڕاگەیەندراوە بۆ قەدەغەی ڕووماڵی کوشتن کاردانەوەی جیاوازی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی لێکەوتەوەو پێیانوایە ئەمە بۆ شاردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان و لە سزا دەرچوونی تاوانبارانە.

 

 ''کوشتنی ژنان ە ئاستێکی مەترسیداردایە''

ئاڵا ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس، باسی کوشتنی ژنانی کرد، وتی: کوشتنی ژنان تائێستا لە کۆمەڵگەکاندا بەتایبەتی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا نەک کەمی نەکردوە بەڵکو لە ئاستێکی مەترسیداردایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان لە هەرێمی کوردستان دوو ژن کوژران لە دووناوچەی جیاوازی کوردستان لە لایەن کەسوکاریانەوە، کە زۆرجار بەناوی شەرەفەوە ئەم تاوانانە ئەنجام دەدرێن، لەکاتێکدا شەرەف زۆر شتی ترە لە کۆمەڵگەی کوردیدا و بۆئێمەش لە باشووری کوردستان، ئەمەش مەترسیدارە، چونکە زۆرجار کاتێک ئەم تاوانانە ئەنجام دەدرێن لەژێرهەرناوێک وهۆکارێکدا بێت، هەم هۆکاری تاوانەکە دەشارێتەوە، هەم بەتەواوی پرسەکە پەردەپۆش ئەکرێت و بکوژانیش ئازادانە ئەسوڕینەوە.

 

ئەم ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەهۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیاڕیارەدا و وتی: زۆرجا ڕۆژنامەنووسان بەجۆرێک کاردەکەن کە دوورە لەهەموو ئتیکێک وبەهایەکی ڕۆژنامەوانی، بەدەرلە ڕۆژنامەوانیش دوورە لە هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان، کاتێک کەسێک خاوەن پرسەیە و ڕووداوێکی بەسەرداهاتووە، مایک دەخەیتە بەردەمی و پێێ دەڵێت هەستت چۆنە، ئەبێت هەستی چۆن بێت، چاوەڕێ دەکەیت کەسەکە چیت پێ بڵێت، بۆیە پێموایە ئەم ڕێگریە شتێکی باشە، بەس نەک قەدەغەکردن، بەڵکو دەبوو ڕێگریەکە بەجۆرێک بێت زیاتر گرنگی بەچۆنێتی کارکردنەکە بدرێت لەسەر ڕووداوەکانی کوشتن، نەک ئەوەی ڕووماڵ نەکرێت، چونکە ڕووداوەکانی کوشتن هەواڵە بۆ کۆمەڵگەی ئێمە، شتێک نیە پشتگوێ بخرێت، بەڵکو ئێمە دەبێت بەو ئاڕاستەیە کاری لەسەر بکەین کە ئاڕاستەی چارەسەری و نیشاندانی بەدییەکانی کۆمەڵگە بێت، ڕووماڵکردنی ئەم هەموو هەواڵی کوشتنانە بەبێ ڕێگە و شوێنێکی گونجاو لایەنی دەروونی خەڵک تێکدەدات، بەیانیان کاتێک سەیری مۆبایل دەکەین ئەم هەموو هەواڵی کوشتنە دەبینین، دەزانین لە چ کۆمەڵگەیەکدا دەژین، بەبێ ئەوەی بزانین کاریگەری لەسەر دەروونمان هەیە، بۆیە پێموایە دادگا کە ئەم بڕیارەی داوە بەشێکی زۆری پەیوەندی بە لایەنی دەروونی و ژیانی خەڵکەوە هەیە، دەستوەردانی کەسایەتی و حیزب لە دادگاکان وسەروەرنەبوونی یاساکان، هەموویان پێکەوە هۆکارن بۆئەوەی کاتێک کەیسێک ئەچێتە دادگاکانەوە کاری لەسەرناکرێت، کەیسەکە دەچێتە دادگا بەڵام نازانیت لە دواترئەنجامەکەی بەکوێ دەگات، چەندین کەیسمان هەیە لەوانە کەیسی کوشتنی ژنانە، نازانرێت لە دواتردا چی ڕووی داوە، تەنها ئەوە دەبینرێت ڕووداوەکە ڕوویداوە، ئەمەش لێرەدا کەمتەرخەمی میدیا و ڕۆژنامە نووسانمان نیشان دەدات، چونکە کاتێک بەدواداچوون بۆ کەیسێک دەکەیت، نابێت دەستبەرداری بیت، بەڵکو ئەبێت لەسەرەتاوە چۆن گەیاندووتە ئاواش کۆتاییەکەی پیشانی خەڵکی بدەیت کەچی ڕوویداوە وبەکوێ گەیشتوە.

 

''کاتێک کە ڕێگە نادرێت بە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکە ڕێگە خۆش دەکات بۆ وکردنی تاوان"

ئاڵا ئەحمەد لە قسەکانیدا باسی لایەنە خراپەکانی شاردنەوەی ڕووداوەکانی کوشتنی کردو وتی: شتێکی خراپە کاتێک ژنێک یان پیاوێک دەکوژرێت و تاوانێک ئەنجام دەدرێت، کاتێک کە ڕێگە نادرێت بە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکە، کەواتە تۆ ڕێگەخۆش دەکەیت بەوەی کە تاوانێک ئەنجام بدەم و بە ئاسانی وون دەبم، ئەمەش وادەکات کەسێکی دیکە هەمان ڕووداو ئەنجام بداتەوە، چونکە ئێمە لە کۆمەڵگەی کوردیدا کێشەیەکی ترمان هەیە وەکو ئەوەی یاسا وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت، ئێمە سوڵحی عەشایەریمان هەیە، کە زۆرجار بەهۆی سوڵحی عەشایەریەوە تاوانی زۆرگەورە وون دکرێت، جا لە ڕێگەی پێدانی پارەوە بێت یان کوشتنەوە بێت، بۆیە کاتێک ڕێگە نادرێت ئەم ڕووداوانە نیشان بدرێن ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕووداوانە.

 

''ڕووماڵنەکردنی ڕووداوەکانی کوشتن، ڕووداوەکان کەم ناکاتەوە تەنها ئەی شارێتەوە و پەردەپۆشی دەکات''

ئاڵا ئەحمەد وتی: ڕووماڵنەکردنی ڕووداوەکانی کوشتن، ڕووداوەکان کەم ناکاتەوە تەنها ئەی شارێتەوە و پەردەپۆشی ئەکات، ساڵانە کاتێک ڕاپۆرتی پانۆراما ئەکەین بۆ ڕووداوەکانی کوشتن، ئامارێکی ووردمان دەست ناکەوێت، ئامارێکمان دەستناکەوێت کە نیشانیدا چەند ژن کوژراون، تەنها دەبێت بگەڕێیتەوە بۆئەو ئەرشیفانەی کە خۆت لاتە یان دەزگاکەت کۆیکردۆتەوە یان دەزگاکانی ترهەیانە، ئەویش نابێتە ئامارێکی ڕەسمی، ئەمەش بۆخۆی کارەساتە، لەبەرئەوەی تەنها شاردنەوەی تاوانەکان نابێتە هۆکاری چارەسەر، بەڵکو ڕێگە خۆشکەرە بۆ سوڵحی عەشایەری کە چارەسەرێکی ناتەندروستە، ئەمەش وایکردوە تاکی کۆمەڵگە بەئاسان لە ڕووداوەکانی کوشتن بڕوانن، لە ڕابردوودا بیندراوە ژن کوژراوە لە نەخۆشخانە پێش گیان لەدەستدانی دانپێدانانی کردووە، کە خۆی ووتویەتی کەسی بەرامبەر توندووتیژی بەرامبەر کردووم، بەڵام بینیوومانە هاوژینەکەی وکەسوکارەکەی ڕەتیان کردۆتەوە، ژنەکەش کاتێک گیان لەدەست دەدات، کەسوکارەکەی هەرچەند داکۆکی لێبکەن، بەڵام دادگا قسەی ئەوانە وەردەگریت کە زیندوون، بۆیە نیشاندانی ڕووداوەکان زۆرگرنگە، چونکە کۆمەڵگەی ئێمە جیا لەوەی کۆمەڵگەیەکی ئاینییە، کۆمەڵگەیەکی زۆرکولتووریشە، کاتێک ژنێک ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، لە بەر قسەی خەڵکی کەیسەکە وون ئەکەین، لە کاتێکدا تاوان هەرتاوانە لە هەرباروودۆخێکدا ئەنجام بدرێت، بۆیە لەپاڵ دیوە یاساییەکەی کە دەبێت دادگاکان کاری بۆبکەن، دەبێت ئێمە بیرلە هۆشیاری کۆمەڵگە وتاک بکەینەوە، بۆئەوەی کاتێک ڕووبەڕووی هەرمەترسیەک ئەبینەوە کەهەڕەشەیە بۆسەر گیانمان، یاسا هەیە ونەترسین لەوەی کۆمەڵگە چی دەڵێن، چونکە کاتێک دووچاری کوشتن و جۆرەکانی توندوتیژی ئەبیتەوە، ژنەکە قووربانیە.

 

"بەشێک لە میدیاکان تاکە ئامانجیان زیادکردن وکۆکردنەوەی بینەرە"

ئاڵا ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد،ئێستا بەشێک لە میدیاکان تاکە ئامانجیان زیادکردن وکۆکردنەوەی بینەرە، واتا گوێ بەوەنادەن چی ئەخەنە کۆمەڵگەوە و چی پەخش ئەکەن، ئێستا وایلێهاتوە ململانێکانیش ململانێی زیادکردنی بینەرە، بەوەی کێیان بینەری زیاتریان هەیە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەوەبکرێت کە چ جوانیەک یان ناشرینیەک دەخرێتە کۆمەڵگەوە، ڕۆژنامەگەریش وەکو هەرکایەیەکی ترڕێکارویاسای خۆی هەیە بۆ کارکردن، واتا ناکرێت بڵێت لەبەرئەوەی میدیاکارم هەرچیت پێخۆش بوو بەوشێوازەی خۆت دەتەوێت بڵاوی بکەیتەوە، بەڵکو دەبێت لایەنی کۆمەڵگەکەت لەڕووی ئاینی و کولتووروهۆشیاری و پەروەردەییەوە ڕەچاوبکەیت، ئینجا ئیشی خۆت بکەیت کە بۆ خزمەتی خەڵکی بێت.

 

'' کاتێک من کار لەسەر ڕووداوێکی کوشتن بکەم دەبێت ئیش لەسەرهۆکاری کوشتنەکەی بکەم"

 لەکۆتایی قسەکانیشیدا وتی: من لەو دەزگایەی کە خۆم کاری لێدەکەم چەندین جار گفتوگۆمان لەسەر ئەوەکردوە، لەگەڵ ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی کوشتنەکاندانین، کاتێک کەسێک dەکوژن بڵێت کەسێک کوژرا، یان بچیت مایک بخەیتە بەردەمی کەسوکارەکەی وبڵێیت، چی ڕوویدا و چۆن ڕوویدا و هەستت چۆنە، بەڵکو جیا لە ڕووماڵکردنی دەبێت هۆکاری کوشتنەکەی بزانیت، کاتێک من کار لەسەر ڕووداوێکی کوشتن بکەم دەبێت ئیش لەسەر هۆکاری کوشتنەکەی بکەم، یەکێک لە هۆکارەسەرەکیەکان سەرەڕای بوونی یاسای چەک، ئەبینین چەک بەشێوەیەکی بەربڵاو لەدەستی خەڵکدایە، بازاڕمان هەیە بازرگانی بەچەکەوە ئەکات بەشێوەیەکی ئاشکرا، ئەمەش کێشەیەکی زۆر گەورەیە کە خەڵک بەئاسانی دەستی بەچەک ئەگات، ڕاستە وەکو یاسا ڕێگە پێنەدراوە فەرمانبەروکارمەندی هێزە سەربازیەکان چەکەکانیەن ببەنەوە بۆماڵەوە، بەڵام ئەمە تاچەند جێبەجێکراوە، ئێمە دەبێت کارلەسەرئەمانەبکەین نەک هەرئەوەی بوورێت نەخێر نابێت ئەم ڕووداوە ڕووماڵ بکەین، من گەرکارێک لەسەرڕووداوێکی کوشتن بکەم، dەبیت بیگەڕێنمەوە بۆهۆکار و چارەسەریەکەی.