چالاکوانانی مافی ژنان خوازیاری ڕاگرتنی دیپۆرتکردنەوەی ژنانی ئەفغانستانن
ژمارەیەک لە چالاکوانی مافی مرۆڤی ئەفغانستان لە نێویاندا فەوزیە کوفی، پەرلەمانتاری پێشووی ئەفغانستان لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان کۆبوونەتەوە و خوازیاری کۆتایی هێنان بە دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی ئەفغانییە لاوازەکان بەتایبەتی ژنان بوون.

اوەندی هەواڵ-لە کاتێکدا حکومەتی پاکستان سیاسەتەکانی دژە کۆچبەری چڕتر دەکاتەوە، چڕبوونەوەی دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانی لەو وڵاتە نیگەرانی قووڵی لای مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دروستکردووە. لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک لە چالاکانی مافی مرۆڤی ئەفغانستان لە نێویاندا فەوزیە کوفی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەفغانستان لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان کۆبووەوە و خوازیاری کۆتایی هێنان بە دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی ئەفغانییە لاوازەکان بە تایبەت ژنان بوون.
فەوزیە کوفی لەگەڵ چالاکوانی دیکەی مافی ژنان لەگەڵ محەممەد سدیق خان، نوێنەری تایبەتی پاکستان لە ئەفغانستان و هینا ڕەبانی خار، جێگری وەزیری دەرەوەی پاکستان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی پەنابەرانی ئەفغانی لە پاکستان.
چالاکوانانی مافی ژنان داوایان لە حکومەتی پاکستان کرد کە ژنان و ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی پێشووی هێزە ئاسایشیەکان کە لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە بۆ ئەو وڵاتە دیپۆرت نەکاتەوە.
زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەری ئەفغانی لە پاکستان دەژین و هەزارانیان ڕووبەڕووی دەستگیرکردن، زیندانیکردن، یان دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ دەبنەوە. حکومەتی پاکستان لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە توانای کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە ناکات و پرۆسەیەکی بەرفراوانی بۆ دەستنیشانکردن و گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە دەستپێکرد.
بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دەیان ژنی چالاکوان و داکۆکیکاری مافی مرۆڤی ئەفغانی لەو کەسانەن کە ڕووبەڕووی گەڕانەوەی زۆرەملێ بۆ ئەفغانستان دەبنەوە،کە لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندایە. ئەم هاووڵاتیانە ئەگەر دیپۆرت بکرێنەوە مەترسی دەستگیرکردن و تەنانەت مردنیشیان لەسەرە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا ٤٥ هەزار کۆچبەر لەو وڵاتە بۆ ئەفغانستان دیپۆرت کراون.
پاکستان لە کاتێکدای نەگونجاو دایە، بەو هۆیەوە پەنابەرانی ئەفغانستان دیپۆرت دەکاتەوە، پاکستان خۆی بەدەست قەیرانێکی توندی مرۆیی و مافی مرۆڤەوە دەناڵێنێت و هەروەها بێکاری و دابڕانی سیاسی و ئابووری.