لە ئەفغانستان زیاتر لە ملیۆنێک ژنی دووگیان تووشی بەدخۆراکی بوون
نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی كردەوە، یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ژنی دووگیان لە ئەفغانستان بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، دەشڵێن، ئەفغانستان لە ئێستادا ڕووبەڕووی سەخترین قەیرانی بەدخۆراکی منداڵان بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
ڕێكخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە ئەفغانستان سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماڵپەری تایبەتی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی دووگیانی ئەفغانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ژنی دووگیان لە ئەفغانستان بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن و پێویستییان بە چارەسەر و خۆراکی بەسوود هەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەفغانستان لە ئێستادا ڕووبەڕووی سەخترین قەیرانی بەدخۆراکی منداڵان دەبێتەوە، کە پێشبیینی دەکرێت لە ئەمساڵدا سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ تووشی بەدخۆراکی ببن، بەوەش ڕێژەكە نیو ملیۆن لە ساڵی ڕابردوو زیاتر دەبێت.
باس لەوەشکراوە، ١٥ ملیۆن کەس لە ئەفغانستان ناتوانن ژەمی خواردن دابین بکەن، هەشت لە ١٠ خێزان ناتوانن خۆراکی تەندرووست دابین بکەن، سێ لەسەر چواریان قەرز دەکەن بۆ کڕینی خۆراک.
پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی کردبوو، ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢٥ ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی ببێتەوە، بەجۆرێك زیاتر لە ٢٢ ملیۆن کەس لەو وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی دەبێت.