سویسرا، کەمکردنەوەی سزای تاوانبارێک ناڕەزایەتی لێکەوتەوە

سەدان کەس لەبەردەم دادگای تێهەڵچوونەوەی سویسرا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، دوای بڕیاری کەمکردنەوەی سزای تۆمەتبارێکی دەستدرێژی سێکسی، بە بیانووی ئەوەی دەستدرێژییەکە کەمتر لە ١١ خولەکی خایاندووە و قوربانییەکە زیانی زۆری بەرنەکەوتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە سەدان ژن ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ئاب، لەبەردەم دادگای تێهەڵچوونەوەی سویسرا کۆبوونەوە و دروشمی "١١ خولەک ماوەیەکی درێژە"یان دەوتەوە، ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر بە بڕیاری دادگا کە سزای زیندانیکردنی تۆمەتبارێکی دەستدرێژی سێکسی کەمکردەوە بە بیاونووی ئەوەی دەستدرێژییەکە تەنیا "١١ خولەک" ی خایەندووە، هەتا ئێستاش ناسنامەی تاوانباران و قوربانییەکە ئاشکرا نەکراوە لەلایەن دادگاوە.

 

مانگی شوباتی ٢٠٠٢، ژنێکی گەنج سەردانی ئاهەنگێکی شەوانە دەکات، لەلایەن پیاوێکی ٣٣ ساڵ و هاوڕێکەیەوە کە تەمەنی ١٧ ساڵ بووە، دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنە گەنجەکە، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا دادگای نەوجەوانانی سویسرا دادگایی کردنەکە بەڕێوەچوو، دادگا سزای زیندانیکردنی تۆمەتبارەکانی لە ٤ ساڵ و ٣ مانگەوە کەمکردەوە بۆ ٣ ساڵ.

 

ئەمەش ناڕەزایەتی ژنانی لێکەوتەوە لەبەر دادگای تێهەڵچوونەوەی سویسرا بە سەدان ژن دژی کەمکردنەوەی سزای تۆمەتباران خۆپیشاندانیان کرد.

 

ت.پ