سعودیە چالاکوانان نەسیم ئەلسادە و سەمەر بەدەوی" ئازاد دەکات

دوای تەواوبوونی سزاکانیان دەسەڵاتدارانی سعودیە هەردوو چالاکوانی مافی مرۆڤیان ئازاد کرد، کە بەهۆی ئەنجامدانی چالاکی لە پێناو بەدەستهێنانی مافی ژنان دەستگیرکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ALQST ڕایگەیاندووە، کە دەسەڵاتدارانی سعودییە بەرواری ٢٧ی حوزەیران هەردوو چالاکوانی مافی مرۆڤ "نەسیم ئەلسادە و سەمەر بەدەوی"یان دوای تەواوبوونی سزاکەیان ئازاد کرد.

 

لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٨دا ژمارەیەک لە چالاکوانانی ژن کە دژی توندوتیژی پیاوان بوون لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە دەستگیرکران، بە بیانووی مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی سعودیە، نەسیم ئەلسادە و سەمەر بەدەوی یەکێک بوون لە دەستگیرکراوان لەگەڵ زیاتر لە ١٢ چالاکوانی دیکەی ژن، لە سعودییەشدا ساڵانە زۆرێک لە پارێزەرانی مافەکانی ژنان بێ بوونی هیچ تۆمەتێک ساڵانە دەستگیر دەکرێن.

 

نەسیم، نوسەر و چالاکوانی مافی مرۆڤی سعودیەیە و تەمەنی ٤٧ ساڵە، زیاتر وتارەکانی تیشک دەخەنە سەر مافەکانی ژنان لە سعودیە، هەروەها پرسە سیاسییەکان و باسکردنی یاساکانی بەنەتەوەبوونی سعودیە کە دەبێتە هۆی کۆتاپێهێنانی توندوتیژی دژی ژنان، جگە لەوانەش داوای مافی ژنانی سعودی کرد لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا.

 

هەروەها سەمەر، تەمەنی ٤٠ ساڵە و چالاکوانی مافی مرۆڤە لە سعودییە، لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتی ژنانی ئازادی جیهانی پێبەخشرا و چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانیەوە دەستگیرکراوە، بەهۆی ئەوەی لە دژی سیستمی پاسەوانی نێر و بەدەستهێنانی مافی دەنگدانی ژنان و خۆبەڕێوەبەریان لە هەڵبژاردنەکاندا خەڵاتی ژنانی ئازای جیهانی پێبەخشرا، هەروەها بە پێشەنگی وەزارەتی دەرەوە دادەنرا. 

ئازادکردنی ئەم دوو چالاکوانە لەدوای ئازادکردنی لەجین ئەلزەهلول دێت کە لە مانگی شوبات دوای بەسەربردنی نیوەی سزاکەی کە بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە دژە تیرۆرەوە سزا درابوو، ئازاد کران.

 

هیومان ڕایت لەوبارەیەوە لە تویتێکدا بڵاوی کردەوە "دەبوایە ئەو دوو ژنە لە سەرەتاوە دەستگیرنەکرانایەم بەڵکو وەک دوو چالاکوان کە هەوڵی بەدەستهێنانی مافیان داوە لە سعودیە ناوبانگیان دەرکردایە".

 

ت.پ