سەرۆکی پەرلەمان: لیژنەکان لە ماوەی سێ ساڵدا تەنها ٢٦ پڕۆژەیان بەسەرکردوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە دانیشتنی پەرلەماندا ڕایگەیاند، کە لیژنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کۆی هەزار پڕۆژە سەردانی ٢٦ پڕۆژەیان کردووە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت پەرلەمان پارەیان بۆ خەرج ناکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ١٦ی خولی بەهارەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی پەرلەمانی لەبارەی سەردانی لیژنەکان بۆ پڕۆژەکان خستەڕوو.

 

ڕێواز فایەق ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە هەزار پڕۆژەی حکومی  و تێکەڵاو هەیە، بەڵام لە ماوەی سێ ساڵی خولی پێنجەمی پەرلەماندا تەنها ٢٦ جار لیژنە بۆ سەردانی لاوەکیی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دروستکراوە.

 

بەپێی بەراوردەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەنها یەک لیژنە سەردانی ١١٣ پڕۆژەی کردووە لە خولی سێیەمدا و چەندین لیژنەی لاوەکیشی دروستکردووە.

 

زانا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کە هۆکاری سەردانی نەکردنی پەرلەمانتاران بۆ پڕۆژەکان دابین نەکردنی خەرجییەکانیانە لەلایەن پەرلەمانەوە.

 

لە ڕۆژی ٢٣ ئەم مانگەدا د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، نوسراوێکی واژۆ کردووە، تێیدا ڕێگری دەکات لە سەردانیکردنی پەرلەمانتاران بەشێوەی کەسی بۆ پڕۆژەکان، ڕاشیگەیاند دەبێت هەر لیژنەیەک بە مۆڵەتی فەرمی سەرۆکی لیژنەکەیان پێبێت، ئەمەش لەلایەن ئەندام پەرلەمانەوە ناڕەزایەتی لێکەوتەووە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناوی چەند پەرلەمانتارێک بە تۆمەتی بەشداری لە گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل تێوە گلێندراون.

 

هەر لەبەر ئەو بڕیارە، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا بڕیاردرا، لە لیژنەکانی کاروباری پەرلەمان و دەستەی دەستپاکی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستی ئەو دەنگۆیانەی باس لە تێوەگلانی پەرلەمانتاران لە گەندەڵییەکان دەکات، پێکبهێندرێت، دواتر پارێزبەندییان لێبسەندرێتەوە و ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.

 

ت.پ