ئوردن، پیاوێک ژنەکەی دەکوژێت
ساڵانە لە ئوردن ڕێژەی کوشتنی ژنان ڕوو لە زیادبوونە، لە سەرەتای ئەمساڵ تا ئێستا ١٣ حاڵەتی کوشتن لەو وڵاتەدا هەبووە کە زۆربەیان لە ژێر ناوی شەرەف دەکوژرێن.
ناوەندی هەواڵ
کوشتنی ژنان لە ئوردن ڕوو لە زیادبوونە، بە جۆرێک تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٣ ژن لەو وڵاتەدا کوژراون، لە مانگی حوزەیرانیشدا سێ حاڵەت تۆمارکراوە.
بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای بەلقە، لە ڕۆژئاوای عەممان لە ئوردن، پیاوێک هاوژینەکەی خۆی کوشت، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی پارێزگاکە ڕایگەیاند، لەدوای بوونی دەمەقاڵی لە نێوان دوو هاوژینەکەدا پیاوەکە لە ژنەکەی دەدات و دەیخنکێنێت، لە دوای بەدواداچوون تاوانبارەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بەردەوامە.
جگە لە ڕووداوەکەی ئەمڕۆ، لە ١٧ی ئەم مانگەدا "رانیە عەبادی" بەهۆی کەمی نمرەکانییەوە لەلایەن باوکیەوە دەکوژرێت، برایەکیش بە هۆکارێکی نادیار خوشکەکەی بە گاز دەسوتێنێت.
ئەم کوشتنانە زۆربەیان لە ژێر ناوی شەرەفدا بڵاودەکرێنەوە، کە بیانوویەکە و پێدانی هەقە بە بکوژەکە.
ت.پ