ساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار منداڵ تووشی شێرپەنجە دەبن
لە ڕۆژی جیهانی نەخۆشی شێرپەنجەی منداڵان، بەشێکی تایبەت بۆ یاریکردنی منداڵان لە نەخۆشخانەی هیوا کرایەوە، بەپێی ئامارەکانیش لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ١٧٨ حاڵەتی نوێی شێرپەنجەی منداڵان تۆمارکراوە.
تەرزە تەها
ئەمڕۆ ڕۆژی لە دایکبوونی موسعەب و ڕاڤیارە کە دوو منداڵی تووشبوونی شێرپەنجەن، یادی ڕۆژی لەدایکبوونەکەیان لە نەخۆشخانەی هیوا دەکەنەوە، کە هاوکاتە بە ڕۆژی جیهانی ئەو نەخۆشییەی پێوەی دەناڵێنن، ئەویش نەخۆشی شێرپەنجەی منداڵانە.
١٥ی شوبات بە ڕۆژی جیهانی شێرپەنجەی منداڵ دانراوە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO ساڵانە لە جیهاندا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار منداڵی تەمەن یەک ڕۆژە بۆ ١٩ ساڵ تووشی شێرپەنجە دەبن.
موسعەب خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عێراقە، ڕاڤیاریش دانیشتووی سلێمانییە، تەمەنی شەش ساڵە، ماوە سێ ساڵە بەردەوام چارەسەر وەردەگرێت، سەمیرە عەبدوڵا، دایکی ڕاڤیارە، دەڵێت بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە ڕاڤیار ناتوانێت بچێت بۆ خوێندن.
ڕاڤیار هەر لە سەرەتای چالاکییەکەوە ماندوو بوو، دایکی کورسیەکی بۆ هێنا تا دابنیشێت، دوای بڕینی کێکەکەی بۆ مایکی ژنها دەڵێت کە دڵخۆشە ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی دەکەنەوە، دایکیشی دەڵێت بەردەوام ماوەی سێ ساڵە لێرە لە نەخۆشخانەکە یادی لە دایکبوونی بۆ دەکرێتەوە.
هەر لە ڕۆژی جیهانی شێرپەنجەی منداڵاندا، لە لایەن منداڵپارێزی کوردستان و نەخۆشخانەی هیواوە بەشێکی تایبەت بە منداڵان بۆ یاریکردنی ئەو منداڵانەی تووشی شیرپەنجە بوون و دێنە نەخۆشخانەکە پشکنین ئەنجام بدەن کرایەوە.
لە ٢٠٢٠دا ١٧٨ منداڵی توشبووی نوێ تۆمارکراون
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ١٧٨ تووشبوونی نوێی شێرپەنجەی منداڵان تۆمار کراوە، کە ٪٤٥ خەڵی سلێمانی و هەڵەبجەن، ٪٤٥ خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عێراقن، ئەوەی دیکەشی خەڵک شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانن.
هەروەها د. یاد نەقشبەندی، داوا دەکات ڕێگە نەدرێت کەرتی شێرپەنجە بکرێتە ئەهلی، چوونکە ئەمە بازرگانی کردنە بە تەندروستی مرۆڤەوە، هەروەها داواش دەکات عێراق هاوکاری نەخۆشخانەکە بکات، چونکە نزیکەی ٪٤٥ نەخۆشەکان خەڵکی باشوری و ناوەڕاستی عێراقن.
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا زیاتر لە ساڵی ٢٠٢٠دا دوو هەزار و ٥٤٣ تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراوە، هەزار و ٦٦٥ حاڵەتی نا شێرپەنجەش تۆمارکراوە.
ت.پ