پژاک بۆ کۆچی دوایی مەرجان ساتراپی: لە ڕێگەی قەڵەم و هونەرەکەیەوە بوو بە دەنگی ژنانی ستەملێکراو
پژاک بۆ کۆچی دوایی مەرجان ساتراپی، نووسەر و هونەرمەند ڕاگایەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، مەرجان ساتراپی لە ڕێگەی قەڵەم و هونەرەکەیەوە بوو بە دەنگی ژنانی ستەملێکراوو هەموو ئەو کەسانەی کە لە پێناو ئازادیی و یەکسانیدا تێکۆشان دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
کۆمیتەی کولتوور و هونەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" بۆ کۆچی دوایی مەرجان ساتراپی، هونەرمەند و نووسەر ڕاگایەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگایەندراوەکەی پژاک بەمشێوەیە:
“مەرجان ساتراپی لە ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە تەمەنی ٥٦ ساڵ لە فەرەنسا کۆچی دوایی کرد، ئەو خوڵقێنەری بەرهەمی هەمیشە زیندوو “پێرسپۆلیس” بوو، بە گێڕانەوەی ڕاستگۆیانە و هونەرییەکەی لە کۆمەڵگای ئێرانی ڕۆخسارێکی ڕاستەقینەی بە بینەرانی جیهان ناساند. هەروەها کتێبی وێنەی “ژن، ژیان، ئازادی”ی که به هاوکاری زیاتر له ٢٠ وێنەهەڵگری ئێرانی و بیانی به زمانی فەرەنسی و فارسی بەرهەم هێنا، چاپ و بڵاو بووەتەوە، ئاماژە بە تێکۆشانی ژنانی ئێرانی دژی سەرکوت و زوڵم دەکات. ئەم بەرهەمە بە ڕوانگەیەکی قووڵ لە مێژووی پیاوسالاری و دژە ژنی لە مێژووی ئێراندا، درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کردە وێنەیەکی بەهێز و جیهانی، بێگومان تێکۆشانی بۆ ئازادیی ژن یەکێکە لە بەرهەمە بەنرخەکانی ژیانی.
مەرجان ساتراپی تا دوا ساتەکانی تەمەنی ڕەخنەگرێکی چاونەترس و بەهێز بوو بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی دژی ژنان. ئەو قەت بەرامبەر سەرکوت، جیاکاری و چەوساندنەوەکان پاشەکشەی نەکرد و لە ڕێگەی قەڵەمەکەی و هونەرەکەیەوە بوو بە دەنگی ژنانی ستەملێکراو و هەموو ئەو کەسانەی کە لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا تێکۆشان دەکەن.
بێگومان کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە مەزنە، تێکۆشەرە ماندوونەناسەی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ کۆمەڵگەی کەلتووری بەرخۆدان و هونەری گرێدراو بە بزووتنەوەی ئازادیخوازان خەسارێکی گەورەیە، هەروەها “کۆمیتەی کەلتوور و هونەری پژاک” سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی هێژای ساتراپی، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ئێران، سەرجەم ئازادیخوازان و هونەرمەندان دەکات، ئەگەرچی مەرجان ساتراپی لە نێو ئێمەدا نەماوە، بەڵام میرات و ئامانجە بەرزە هونەریەکانی لە “شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی”دا بۆ هەمیشە بە زیندووی دەمێنێت”