لە فیستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانەوە ژنان داوادەكەن وانەی كولتووری كوردی لە خوێندنگەکان بخوێندرێت

لە فێستیڤاڵی سێیەمی بەهارەی قەڵاتە لە پاركی قەرەناو خەڵكی لە شارە جیاوازەكانی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستان بەشداریان تێدا كردو ژنان لە كەركوك و هەورامانەوەو لەرۆژهەڵات ولە رۆژئاواوە بەشداریان كردووە.

شلێر کۆیی

 

قەڵاتە_سێیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی بەهارە لە سەیرانگای پارکی گەشتیاری قەرەناو_تەقتەق بەرێوەدەچێت، دوای دوو ڕۆژ بەردەوام بوونی ئەمڕۆ کۆتایی دێت،  فێســتیڤاڵەكە پێكدێت  لە  بەرهەمی خۆماڵی ، ئاهەنگی منداڵان ، کاری دەستی ، ئەسپ سواری ، کولتووری وکەلەپوری، ژنان ٧٠٪ی فێستیڤاڵەكەیان پڕكردبۆوە، هەندێك لەو ژنانە لەپارچەكانی دیکەی کوردستان بەشداریان كردووە.

 

فاتمە مەحمود، خەڵكی رۆژئاوایە لە ساڵی ٢٠١٤وە ئاوارە بووەو لە شارۆچكەی تەقتەق نیشتەجێە، فاتیمەی كۆبانێ ناوی چادرەکەی بوو لە فێستیڤاڵەكە وتی : كە داعش هاتە ناوخاكی كۆبانێ وداگیری كرد ئێمە هەموو ئاوارەبوین وماڵ وشتمان هیچی نەما ودوای بزربونی هاوژینەکەم لەلایەن داعشەكانەوە رفێندرا لە كۆبانێ كە ئیستاش نازانم چی لێهات، من ئاوارەبووم ئەوكات یەك كچم هەبوو كورەكەشم تەنیا سێ مانگان بوو لەناو سکم، بۆمن زۆر ئەستەم بوو  وبەدوو منداڵەوە ئاوارە بووین بەڵام باشی خەڵكی سنووری تەقتەق وایانكرد كە من هەست بە غەریبی نەكەم و هاوكارو پاڵپشتم بوون بەهەموو شێوەك تا توانیم منداڵەكانم گەورە بكەم و ژیانمان هەمووی لەسەر خێرخوازان بوو، بۆیە بیرناكەمەوە بگەڕێمەوە ڕۆژئاوا تەنیا گەر بارودۆخ ئارام بێت بگەرێمەوە.

 

وتیشی: یەكەم جارە بەشداری فێستیڤاڵ بكەم ودڵم خۆشە كە توانیم بێم، بۆیە منیش دۆڵمەی كۆبانێم هێناوە لەگەڵ شیرنەمەنی، ودۆڵمەی كۆبانێ جیایە لەگەڵ دۆڵمەی تەقتەق، ئێمە کەرەستەكانی ناو دۆڵمە وشك دەكەینەوە بەڵام لێرە راستەوخۆ دۆڵمە دەپێچنەوە تەنیا ئەوەیە جیاوازیەكەی.

 

دونیا پشتیوان، دانیشتووی شاری تەقتەق، خاوەن پێداویستی تایبەتە و پۆلی١٢یە، بەڵام ئەوانە ڕێگرنەبوون و وتی: بە خواردن وكاری دەستی بەشداریم كردووە لەگەڵ دایكم.

 

پەیمان سەید ئەسعەد، دایكی دونیا وتی: شانازی بەدنیاوە دەكەم زۆر ئازایە زۆر هاوكارمە، هەرچەندە دونیا خاوەن پێداویستی تایبەتە بەڵام هەمیشە هاوكارمە، بەهۆی ئەوەی خۆم كاری درەومان دەكەم دونیاش كریستاڵم بۆ لێدەدات هەروەها بۆ ئیشی ماڵیش هاوكارمە زەڵاتەو بۆرەك ودۆڵمە پێچانەوە هەمووی ئەو دەیكات، بۆیە هیوادارم كچان چاو لە دونیا بكەن وهاوكاری داكیان بن، من زۆر شانازی پێوە دەكەم كە ورەی بەرزە هەموو كات بە ئومێدە  كۆڵنادات، هیودارام هەموو ئەوانەی وەك دونیان چاوی لیبكەن وەك كچەكەی من كۆڵنەدەن.

 

شەتاو ئەڵلاكەرەم، لە شارۆچكەی تەوێڵەوە  هاتووە بە خواردنی كوردەواری بەشداری كردووە وتی: ١٣ ساڵە كاری خواردن درووستكردن دەكەم و دەچمە گشت فیستیڤاڵەكان، لای خۆشمان رۆژانی پینج شەم،ەو هەینی دەچینە هەورامان بۆ تەوێلە ولەوێ خواردنەكان ساغ دەكەینەوە، هەرچەندە ساڵێك خواردنگەم دانا لە ئەحمەد ئاوا بەڵام دوایی هاتمەوە سەركارەكەی خۆم وحەزم كرد هەر خواردن ئامادەبكەم، هەرچەندە كارەكە قورسە بەڵام خۆم حەزم لە كارەكەیە.

 

"خواردنی کوردەواری تەندروستترە"

رەنگین ئەڵلاكەرەم، خوشكی شەتاو، ئەو بەكەلانە وناوساجی كولێرە بەگوێز دروست دەكات وتی: ١١  ساڵە بەشداری فێستیڤالەكان دەكەم بە خواردنی كوردەواری، خواردنی كوردەواری تەندرووسترە بۆ مرۆڤ لەچاو خواردنی ئەو سەردەمە و خواردنی كوردەواری لەنەخۆشی بەدوورت دەگرێت، ولای خۆمان ژمارەم لای هاوڕێکانمە هەركات داوابكەن ئەو خواردنانەیان بۆ درووست دەكەم.

 

نەسرین حەسەن، دانیشتووی قەڵاتەم لە كۆمەڵگەی خاڵخاڵان، لە منداڵیەوە كاری دەستی دەكات و وتی: یەكەم ژنم لەهەموو سنوورەكە كەدەستم بەكاری دەستی وچنین کردوتا ئیستاش بەردەوامم، لە منداڵیەو لە ساڵی هەشتاكان خولیای شت درووستكردنم هەبووە، گەر خۆم شتێكم بەدەستبوایە سەرتا دەچووم وانەی كولتووریم دادەنا بخوێنرێت لە خوێندنگەکان دەمەوێت پشانی نەوەی نوێ بدەم كە پێشتر كورد ژیانی چۆن بووە ژنی ئەوكات چۆن چنین و جاجم و شتیان درووست كردووە.