مەرجان ساتراپی لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

مەرجان ساتراپی، هونەرمەند و نووسەری فەرەنسی- ئێرانی کەسایەتییەکی پێشەنگی ڕۆمانی گرافیک و سینەمای سەربەخۆ، لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بە کۆچی دوایی مەرجان ساتراپی، جیهان یەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانی لەدەستدا کە هونەری وەک ئامڕازێکی بەرخۆدان بەکارهێنا، کارەکانی خۆی بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و مافی مرۆڤ تەرخانکرد، هەروەها بە بەڵگەنامەکردنی ئازارەکانی گەلانی ئێران لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکی بینراوی بەهێزەوە کە گەیشتە ملیۆنان خوێنەر و بینەر لە سەرانسەری جیهاندا.

 

هونەرمەندو نووسەری فەرەنسی- ئێرانی "مەرجان ساتراپی"، یەکێک لە دەنگە هونەرییە دیارەکانی دژایەتیکردنی ڕژێمی ئێران، ٤ی حوزەیران، لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

 

مەرجان ساتراپی کەسایەتییەکی پێشەنگی جیهانی ڕۆمانی گرافیکی و سینەمای سەربەخۆ بوو، هەروەها لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە بەرهەمە بەناوبانگەکەی "برسیبولیس" ناوبانگی دەرکردبوو، کە تەمەنی منداڵی و ئەزموونەکانی لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندا بەڵگە کردووە.

 

هەروەها ڕەخنەگرێکی دیاری دەسەڵاتدارانی ئێران بوو و کەمتەرخەمی نەدەکرد لە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە تاران، لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لە ناڕەزایەتییەکدا بەرامبەر بەو شتەی کە بە "هەڵوێستی دووڕوویی فەرەنسا بەرامبەر بە ئێران" پێناسەی کرد، لە کاتێکدا شەپۆلی نوێی سەرکوتکردن لەناو ئەو وڵاتەدا، مەدالیای ”وسام جوقة الشرف”ی فەرەنسای ڕەتکردەوە.

 

ئەو ژنە لەو کاتەدا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیبووی کە بە "زەحمەتە تێگەیشتن لە سیاسەتی فەرەنسا بەرامبەر بە ئێران"، ڕەخنەی لە ڕەتکردنەوەی ڤیزە بە هونەرمەندانی گەنجی ئێرانی گرت کە بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ڕەتکردنەوەی ئەو مەدالیایە هەڵوێستێک نییە دژی فەرەنسا، بەڵکو دەربڕینی بێ هیواییە لە سیاسەتەکانی، جەختی لەسەر خۆشەویستی قووڵی خۆی بۆ ئەو وڵاتە کردەوە کە بووەتە ماڵی دووەمی.

 

مەرجان ساتراپی لە دایکبووی ئێرانە، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٤ وڵاتی بەجێهێشتووە و لە فەرەنسا نیشتەجێ بووە و لە ساڵی ٢٠٠٦ ڕەگەزنامەی فەرەنسی بەدەستهێناوە.

 

بە زنجیرەی چوار بەشی "برسیبولیس" ناوبانگێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا، کە بەشی یەکەمی خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کۆمیکی ئەنگۆلێمی لە ساڵی ٢٠٠١ بەدەستهێنا.

 

لە ساڵی ٢٠٠٧ بە هاوکاری دەرهێنەر ڤینسێنت پارناو زنجیرەکە بۆ شاشەی گەورە وەرگێڕاوە، ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵی فیلمی کان خەڵاتی دەستەی سوێندخواردنی بەدەستهێنا و بووە یەکێک لە دیارترین فیلمەکان کە لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە و مرۆڤدۆستانە باس لە ژیانی ئێران دەکات.

 

جگە لە فیلمی "برسیبولیس"، بە ئەلبوومی "دجاج بالبرقوق" سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ خەڵاتی باشترین ئەلبوومی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کۆمیکی ئەنگۆلێمی بەدەستهێنا، دواتر لە ساڵی ٢٠١١دا وەربگیرێت بۆ فیلمێکی درێژ.