پانێڵێک دەربارەی چۆنیەتی پەرەپێدان و چاککردنی شەڵتەرەکانی ژنان بەڕێوەچوو

هەتا ئێستا هاوڵاتیان لە جێگا و وشەی شەڵتەر تێنەگەیشتوون، بۆیە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ تێگەیشتن لە وشەی شەڵتەر گرنگی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند ڕێکخراوێکی ژنان بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ژنانی ناو شەڵتەرەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان دانیشتنێکی کراوەیان ئەنجام دا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی هۆتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی، دانیشتنێکی کراوە لەسەر "چۆنیەتی پەرەپێدان و چاککردنی شەڵتەرەکانی ژنان" لەلایەن چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی و بە سەرپەرشتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بە هاوکاری ڕێکخراوی UNFPA بەڕێوەچوو.

 

دانیشتنەکە لە دوو پانێڵ پێکهاتبوو، پانێڵی یەکەم باسی لە یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان دەکرد، هەروەها کێشە و گرفتەکانی ماڵی داڵدەدان خرانەڕوو، پانێڵی دووەم، باسی لە ڕێبەری کاری ڕێکخراوەی لەناو ماڵی داڵدەدان کرا، جگە لەوەش باس لە  چارەسەرکردنی کێشەی ماڵی داڵدەدان کرا لەلایەن پارێزەرانەوە.

 

لە کۆتایشدا بەشداربووان کرانە گروپی جیاواز و گفتوگۆ و پێشنیارەکانی خۆیان تاوتوێ دەکرد، ئەشواق نەجمەدین، پارێزەر و ڕێکخەری دانیشتەکە وتی: وەک ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لەگەڵ ژمارەیەک لە ژنانی گەنجی خۆبەخش هەستاوین بە دروستکردنی دانیشتنێکی کراوەی لەم جۆرە، ئاماژە بەوە دەکات هەر پرسێک پرسی ژنان بێت ئەوان گرنگی پێدەدەن.

 

ئەوەشی خستەڕوو هەرکاتێک کارێک بکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ژنان هێشتا کەمە، ئەو ژنانەی لەناو شەڵتەرەکاندان ئەو ژنانەن لەوکاتەی توشی ڕووداوێک و هەڵەیەک دەبن کەسێک نییە بیانگرێتە خۆیان، بەڵکو کۆمەڵگە بە جارێک پشتیان تێدەکات.

ئەشواق وتیشی لە کێشە خێزانییەکاندا فشاری تەواو دەخرێتە سەر ژنان و کچان و دەگەنە ئەو حاڵەتەی هەڕەشەیان لێدەکرێت، هەروەها هۆشیاری ئەوەشیان نییە کە ڕێکخراو هەیە بەرگری لەمافی ئەوان دەکات، لەسەر ناوی ژنانی ناو شەڵتەرەکان ئەشواق دەڵێت: "زۆرێک لێرەو لەوێ دەیبیستین خەڵکی بە جێگای شەڵتەرەکان دەڵێن لەشفرۆشی و وای لێ تێگەیشتوون، هۆشیاری ئەوەیان نییە کە شوێنێکە بۆ ژنانی بێلانەو هەڕەشە لێکراو".

 

ئەو پارێزەرە بە پێویستیشی دەزانێت کێشەی ژنانی ناو شەڵتەرەکان بە زووترین کات چارەسەر بکرێن، چونکە ناکرێت ئەو ژنانە هەمیشە لە ترسا بژین و هەمیشە لە شەڵتەردا بمێننەوە.

 

ت.پ