نیاز عەبدوڵا: ئەو چەكانەی ئەمڕۆ سووتێندران، پێویستە وەكو سیمبولی ئاشتی پارێزگاریان لێبكرێت
ڕۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا دەڵێت: ەو چەكانەی ئەمڕۆ سووتێندران، پێویستە وەكو سیمبولی ئاشتی پارێزگاریان لێبكرێت.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١١ی تەمووز، لە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان، لە چوارچێوەی بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گرووپێکی گەریلا مەراسیمێکی سیمبولیکی لەناوبردنی چەکیان ئەنجامدا.
دوای مەراسیمەکە، ڕۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسی: بۆ لەمەودوا جاسەنە و سوورداش تەنیا سیمبولی چاپەمەنی كوردی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان نین، بەڵكو سیمبولی ئاشتییەكە كە بە ئازایەتی و قوربانیدانی گەورە بە رووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان راگەیەندراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی كرێكارانی كوردستانی پێشوو و گرووپی ئاشتی و كۆمەڵگای دیموكراتیكی ئێستا، لەناو ئاڵنگاری زۆر و لەبەرامبەر دەوڵەتێكی فاشیستی وەكو توركیا؛ لە سەختترین دۆخدا راستترین بژاردە و رێگای هەڵبژاردووە، بەو ئومێدەی ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆی سووتاندنی چەكەكان ببێتە هۆی وەستاندنی بۆردوومان و داگیركارییەكان بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و بێدەنگردنی چەكەكان، گواستنەوەی خەبات لە قەندیلەوە بۆ ناو پەرلەمانی توركیا و سیستەمی سیاسی و یاسایی و پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی لە باكوری كوردستان و توركیا بێتەدی.
لە کۆتایی نووسینەکەی نیاز عەبدوڵا هاتووە: ئەو چەكانەی ئەمڕۆ سووتێندران، پێویستە وەكو سیمبولی ئاشتی پارێزگاریان لێبكرێت. ئەو ئاشتییەی بە خەمگینی و بە ئومێد و ترسەوە لە داهاتووەكەی دەڕواندرێت، چونكە ئەو سیستمە جیهانییەی هێشتا كورد دەهاڕێت گەرەنتی خۆگۆڕینی نەداوە.