کەژاڵ ئەحمەد: دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ئاشتی و ئەخلاقی و دیموکراتی کوردە
نووسەر کەژاڵ ئەحمەد دەڵێت: ئەمرۆ ویستگەیەکی تری شۆرشی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لە خەباتی چەکدارییەوە پێدەنێتە قۆناغێکی تری مێژوویی خەباتی مەدەنی و دیموکراتیەوە.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١١ی تەمووز، لە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان، لە چوارچێوەی بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گرووپێکی گەریلا مەراسیمێکی سیمبولیکی لەناوبردنی چەکیان ئەنجامدا.
دوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی لەناوبردنی چەک، کەژاڵ ئەحمەد، نووسەر لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بابەتێکی بەناونیشانی "ئەشکەوتی جاسەنە لە خەباتی چەکداریەوە بۆ خەباتی دیموکراتی" بلاوکردەوەو نووسیویەتی: ئەمرۆ ویستگەیەکی تری شۆرشی خەباتی رزگاریخوازی کورد لە خەباتی چەکداریەوە پێ دەنێتە قۆناغێکی تری مێژوویی خەباتی مەدەنی و دیموکراتیەوە، ئەم ئەشکەوتەش کە رۆژگارێک لانکەی شۆرشی خەباتی چەکداری بوو ،ئەمرۆ دەبێتە ویستگەیەکی تر و شایەدحالی وەرچانێکی نوێی مێژوویی سیاسەتی ئاشتیخوازانە و کرانەوەی کورد بەرامبەر پرۆسەی ئاشی و گۆرانکاریە نێودەولەتی و جیهانیەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە ئەجێندای تورکیا تا ئەم چرکەساتەش نەیتوانیوە لە هەندێک گرێی سیاسی دەرباز بێ و هێشتا فۆبیای تیرۆر و گرێی دەروونی کوردبوون زالە بەسەریدا، بەلام چەمکی سووتاندنی چەک لەلایەن پەکەکەوە دەسپێکی قۆناغێکی نوێی ئاشتی و ئەخلاقی و دیموکراتی کوردە بەرامبەر ئەو گرێیانە و پرۆسەکەش تەنیا ئالوگۆری چەکە لە شانی راستی خەباتی چەکداریەوە بۆ شانی چەپی خەباتی مەدەنی و ئاشتی و نیازپاکی.
لە کۆتایی نووسینەکەدا هاتووە: هیوادارم هەنگاوەکانی داهاتوو تورکیا لە میراتی دڕندەی شۆڤێنی تورکایەتیەوە، بکا بە فریشتەی ئاشتی و دیموکراسی و، پرۆسەکەش لە گۆرنانی خەون و سیاسەتی خوێنرشتن و داگیرکاری و جینۆساید و دزینی سەرخان و ژێرخان ی کورد و چاوتێبڕینی کولتوور و ئەدەب و فەرهەنگی دەولەمەند و حاشاهەلنەگری کورد بێت.