نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی كۆبانێوە هۆشداریی دەدات

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیاندراوێكدا دەڵێت: هۆشداریی لەبارەی دۆخی خراپی کۆبانێ دەدەین، چونكە ئەو شارە لە جیهان دابڕاوەو نزیکە کارەسات تێیدا ڕووبدات.

ناوەندی هەواڵ

 

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی "OCHA"  لەبارەی دۆخی كۆبانێ لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیەاندراوێكی بڵاوكردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە: هۆشداریی لەبارەی دۆخی کۆبانێ دەدەین چونكە ئەو شارە لە جیهان دابڕاوە و نزیکە لەوەی کارەسات تێیدا ڕووبدات، لە ئێستادا سەرجەم ڕێگاکانی بەرەو کۆبانێ داخراون، لەگەڵ ئەوەشدا پچڕانی کارەبا و ئاو و هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دانیشتووان دەكەن.

 

ئاماژەی بەوەشکراوە، هەرچەندە ناوەندە تەندرووستییەکان بەردەوامن لە کارکردن، بەڵام دەرمان و پێدوایستیی زۆر کەمە، تیمەكان لە گفتوگۆدان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی شاری حەلەب بۆ ئەوەی هاوكارییە مرۆییەكان بگەیەندرێتە ئەو شارە.