مسیارو کەمکردنەوەی بەهای ژن؛ لە میدیای دیجیتاڵیەوە بانگەشە بۆ هاوسەرگیری مسیار دەکرێت
لە باشووری کوردستان لە پەیج و گروپەکانی میدیای دیجیتاڵییەوە بانگەشە بۆ هاوسەرگیری مسیار دەکرێت، بە جۆرێک زانیاری تەواو لە ناو، ناونیشان و کاری ژنەکە لەگەڵ وێنەی خوازراو بە ئاشکرا بڵاو دەکرێنەوەو پیاوان لە کۆمێنت بە ویستی خۆیان هەڵدەبژێرن،
لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ- هاوسەرگیری مسیار جۆرێکە لە گرێبەستی هاوژینی کە تێیدا ژن بە ویستی خۆی دەستبەرداری بەشێک لە مافە یاسایی و شەرعییەکانی دەبێت، وەک مافی نەفەقە (خەرجی ڕۆژانە)، دابینکردنی خانوو یان شوێنی نیشتەجێبوون، دادپەروەری لە دابەشکردنی کات ئەگەر پیاوەکە هاوژینی دیکەی هەبێت، لەم جۆرە هاوسەرگیرییەدا، ژنەکە لە ماڵی باوکی یان لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و پیاوەکە کاتێک دەرفەتی هەبوو سەردانی دەکات.
هەرچەندە پێشتر لە ڕووی شەرعییەوە بە مەرج و ڕێککەوتنی لایەنەکان ڕێگەی پێدەدرا، بەڵام لەم دواییانەدا ساڵی ٢٠٢٦ لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان هاوسەرگیری مسیاری حەرام کردووە، لیژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دادپەروەری تێدا نییە، مافەکانی ژن پێشێل دەکات و دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە، بەڵام هێشتا پیاوان ئەم هاوسەرگیریە ئەنجام دەدەن و پێیان وایە ڕێساکانی دین جێبەجێ دەکەن، یاخود بیانوو دەهێننەوە دەڵێن لەڕێگەی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەوە لە کاری نەشیاو دووردەکەوینەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنیت کە ژمارەیەک لە پیاوان لەگەڵ فرەژنیدان و پێیان وایە یەک هاوژین بەس نییە لە ژیانیاندا.
ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی جێندەرییەوە، بێڕێزی و کەمکردنەوەی پێگەی ژنە، چونکە مافە بنەڕەتییەکانی تێدا پێشێل دەکرێت.
لێکەوتە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی هاوسەرگیری مسیار بۆ سەر ژن بریتین لە:
١. لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان
شاردنەوە و نەبوونی سەقامگیری: ئەم هاوسەرگیرییە زۆربەی جار بە نهێنی لە خێزان و کۆمەڵگە دەهێڵدرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەردەوام لە ژێر فشاری دەروونی و دڵەڕاوکێدا بژین لە ترسی ئاشکرابوونی پەیوەندییەکەی.
ڕوانینی نەرێنی کۆمەڵگە: لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە کەمکردنەوەی بەهای ژنە.
هەستکردن بە پەراوێزخستن: ژنەکە هەست دەکات تەنیا بۆ پڕکردنەوەی ئارەزوویەکی کاتی بەکارهاتووە، نەک وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینەی ژیان کە ڕێزی لێبگیرێت و لە بۆنە و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەرکەوێت.
٢. لێکەوتە یاسایی و دارایییەکان
نەبوونی پاراستنی دارایی: بەهۆی ئەوەی ژنەکە پێشوەختە وازی لە نەفەقە و شوێنی نیشتەجێبوون هێناوە، لە ڕووی ئابوورییەوە هیچ پاڵپشتییەکی لەلایەن پیاوەکەوە نییەو ناچارە خۆی خەرجییەکان دابین بکات.
کێشەی سەلماندنی مافەکان: ئەگەر گرێبەستەکە لە دادگای فەرمیدا تۆمار نەکرابێت، ژنەکە لە کاتی کێشە یان مردنی پیاوەکەدا ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە بۆ چەسپاندنی مافی میرات یان مافە یاساییەکانی تری.
٣. کێشەی منداڵ و داهاتووی خێزان
داهاتووی منداڵەکان: ئەگەر لەم هاوسەرگیرییەدا منداڵ ببێت، هەرچەندە لە ڕووی شەرعییەوە منداڵەکە بە ناوی باوکییەوە دەبێت، بەڵام بەهۆی شاردنەوەی هاوسەرگیرییەکەوە، تۆمارکردنی منداڵەکە لە فەرمانگە فەرمییەکاندا زۆر قورس دەبێت.
پەروەردەی سەرلێشێواو: منداڵەکە لە ژینگەیەکی ناجێگیردا گەورە دەبێت کە باوکی تێدا ئامادە نییە و ناتوانێت وەک باوکێکی ئاسایی لە ناو کۆمەڵگە و خزمەکاندا شانازی پێوە بکات.
٤. ئاسانی جیابوونەوە
پەیوەندی کاتی و کورتخایەن: ئامار و لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن کە زۆربەی هاوسەرگیرییەکانی مسیار تەمەنێکی کورتیان هەیە و بە خێرا بە جیابوونەوە کۆتاییان دێت، چونکە پیاوەکە هیچ پابەندییەکی دارایی یان کۆمەڵایەتی قورسی لەسەر نییە، ئەمەش ژنەکە دەخاتە بەر جیابوونەوەی خێراو کتوپڕ کە لە کاتێکدا هیچ کێشەیەک بوونی نییە، تەنها ئەوەیە پیاوەکە لە هاوسەرگیرییەکە تێربووە.
بۆچی لە باشووری کوردستان بانگەشە بۆ هاوسەرگیری مسیار دەکرێت؟
یاسای باری کەسی لە هەرێمی کوردستان مەرجی قورسی داناوە بۆ هاوسەرگیری دووەم واتە "فرەژنی"، پیاوانی هاوژیندار بۆ ئەوەی هاوسەری هاوژینی یەکەمیان پێیان نەزانێت و تووشی کێشەی یاسایی و خێزانی نەبن، پەنا دەبەنە بەر مسیار کە بە نهێنی و بەبێ تۆمارکردن لە دادگا ئەنجام دەدرێت.، هەروەها پەڕەکانی میدیای دیجیتاڵی هۆکارێکی دیارو ئاشکران، لەم دواییانەدا لە ڕێگەی پەیج و هەژمارەکانەوە، بەشێک لە نووسینگەکان یان کەسانی ناوەندگیر "دەڵاڵەکان" بە ئاشکرا یان بە نهێنی بانگەشە بۆ ئەم هاوسەرگیریە دەکەن بۆ دەستکەوتنی سوودی ماددیی و پارە.
ڕێگەپێدانی یاسایی یان نەبوونی ڕێگریی توند لەبەردەم بانگەشەکردنی "هاوسەرگیریی مسیار" لە میدیای دیجیتاڵیدا، پەیوەندی بە بۆشایییە یاسایییەکان، سروشتی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە نێودەوڵەتییەکان و لێکدانەوە شەرعییەکانەوە هەیە، گۆڕینی ناونیشانی ڕیکلامەکان بۆ بازرگانی، زۆربەی ئەو لایەنانەی بانگەشەی بۆ دەکەن، لە ژێر ناوی "نوسینگەی هاوسەرگیری"، "دۆزینەوەی هاوبەشی ژیان" یان "ئەپڵیکەیشنی ناسیاوی" ڕیکلام دەکەن،لەبەر ئەوەی ئەم ناونیشانانە گشتی و بازرگانین، لە ڕووی یاسایییەوە ڕێگەپێدراون و سیستمی فلتەرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانێت وەک بابەتێکی قەدەغەکراو دەستنیشانیان بکات.
ئەگەر ئەم جۆرە بانگەشانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک پەردەیەک بۆ (لەشکڕین و لەشفرۆشیی شاراوە یان فێڵکردنی دارایی) بەکاربهێندرێن، ئەو کاتە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی یان یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان، وەک تاوانی ئەلیکترۆنی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و بانگەشەکردنی هاوسەرگیری مسیار پێویستی بە کارکردنە لەسەر چەندین ئاستی جیاواز (کۆمەڵایەتی، یاسایی، ئایینی و تەکنەلۆژی).
پێویستە دەزگا پێوەندیدارەکانی حکومەت وەک وەزارەتی ڕۆشنبیری یان فەرمانگەی تەکنەلۆژیا، چاودێری ئەو پەیج، گروپ و ئەپڵیکەیشنانە بکەن کە بازرگانی بەم بابەتەوە دەکەن و دایان بخەن، هەروەها وەک بەکارهێنەرێک، هەر کاتێک لە پلاتفۆرمەکانی وەک فەیسبوک، سناپچات، یان تێلیگرام ڕیکلامی لەم شێوەیە بیندرا، پێویستە ڕاپۆرت بکرێت بەوەی کە پێشێلکاری بنەماکانی کۆمەڵگەیە یان هاندەرە بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
ئاستی کۆمەڵایەتی و هۆشیاری
پێویستە ژنان هۆشیاربکرێنەوە، لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانەوە، ژنان لە مەترسییەکانی ئەم جۆرە گرێبەستانە ئاگەدار بکرێنەوە کە چۆن مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیان تێدا بەرەوڕووی مەترسی دەبێتەوە، هەروەها هاندان و دروستکردنی هۆشیاری بۆ ئەوەی کۆمەڵگە وەک دیاردەیەکی نەرێنی و تێکدەری خێزان سەیری بکات، نەک وەک چارەسەرێکی ئاسایی.
هەروەها سزای یاسایی بۆ شایەد و ئەنجامدەران هەبێت، قەدەغەکردنی توندی تۆمارکردنی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییانە لە دادگاکاندا و سزادانی ئەو کەسانەی وەک "دەڵاڵ" یان مەلا نا فەرمییەکان کە نێوەندگیری تێدا دەکەن.