ژینا مودەریس گوڕگی: منداڵانی دایکانى زیندانی‌کراو، ئەوانیش سزای زیندان دەچێژن

منداڵانی دایکانی زیندانی‌کراو، بەبێ باخچەی یاری، بەبێ پەروەردە و لە ژینگەیەکی داخراودا، نەک تەنها لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش دەکرێن، بەڵکوو تەمەن و منداڵیی خۆشیان لەدەست دەدەن.

ناوەندی هەواڵ –ژینا مودەریس گوڕگی، چالاکوانی مافەکانی ژنان و زیندانیی سیاسیی پێشووی، لە نووسینێکدا لە ئینستاگرام تیشکی خستە سەر کاریگەریی زیندانی‌کردنی دایکان لەسەر ژیان و تەندروستیی دەروونیی منداڵان.

 

نووسینەکەی دوای گواستنەوەی چالاکوانی مەدەنی و دایکی کچێکی چوار ساڵە، مۆنا دەبباخ، بۆ زیندانی ژنانی سێنە بۆ بەسەربردنی سزای سێ ساڵ و شەش مانگ بڵاو کرایەوە. مۆنا پێش زیندانی‌کردنی نووسیبووی کە دوورکەوتنەوە لە کچەکەی و بەسەربردنی ڕۆژانی بێ پێکەنین و یاریکردنی ئەو، بۆی زۆر دژوار دەبێت.

 

کاریگەریی زیندانی‌کردنی دایکان لەسەر دەروونیی منداڵان

ژینا مودەریس گوڕگی ڕوونی کردەوە کە هەم ئەو منداڵانەی لە لای خێزانەکانیان دەمێننەوە و هەم ئەوانەی لەگەڵ دایکیاندا دەچنە زیندان، تووشی سەختی و زیانی دەروونی دەبن. دوورکەوتنەوە لە دایک دەبێتە هۆی دڵتەنگی، نیگەرانی و دروستبوونی پرسیاری بێ وەڵام؛ لە بەرامبەردا، بوونی منداڵ لە زیندانیش دەرفەتی یاریکردن و فێربوونی بۆ کەم دەکاتەوە.

 

مۆنا دەبباخ گوتی لە ماوەی زیندانی‌بوونیدا، حەوت منداڵی بە تەمەنە جیاوازەکانی لە زیندانی ژنانی سێنە بینیوە. لەوێ نە مامۆستایەک بۆ منداڵان هەبوو، نە بەشێکی تایبەت بۆ دایک و منداڵ، هەروەها باخچەی منداڵانیش زۆرجار داخراو بوو.

 

منداڵانی ناو زیندان ڕووبەڕووی سەختی و کێشە دەبنەوە

بەپێی قسەکانی ژینا مودەریس گوڕگی، منداڵانی ناو زیندان لەگەڵ گەورەساڵانی زیندانی‌کراو لە ژینگەیەکی تەنگدا دەژین و زۆرجار شاهیدی ناکۆکی و مشتومڕەکانیان دەبن. هەندێک منداڵ لە یارییەکانیاندا ڕووداوەکانی زیندانی‌کردنی دایکیان دووبارە دەکەنەوە و ڕۆڵی پۆلیس، دادوەر یان دایک دەبینن.

 

هەروەها، ئەو منداڵانەی لە تەمەنی بچووکەوە لە زینداندا دەژین، ڕەنگە لە شتە ئاساییەکانی ژیان، وەک پارک، ئاژەڵ و سروشت، دوور بکەونەوە. ژینا مودەریس گوڕگی ئاماژەی بەوەش کرد کە بارودۆخی زیندان منداڵان لە پەروەردە، فێربوون و پەرەپێدانی تواناکانی گونجاو لەگەڵ تەمەنیان بێبەش دەکات.

 

ژینا مودەریس گوڕگی جەختی لەوە کردەوە کە منداڵانی دایکانی زیندانی‌کراویش بە شێوەیەک سزای زیندان دەچێژن؛ چونکە هەم دوورکەوتنەوە لە دایک و هەم ژیان لە ژینگەی زینداندا، کاریگەریی گرنگیان لەسەریان جێدەهێڵێت.