لەباربردنی منداڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو لە زیاد بوونە
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێژەی لەباربردنی منداڵ لە ٪٣٥ بۆ ٪٤٠ بەرزبووەتەوە، لە ساڵی ڕابردوو ٦٠٠ هەزار منداڵ بە نایاسای لەبار براون.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پزیشکی دادی پارێزگاکانی ورمێ، لوڕستان و ئیلام بڵاو کراوەتەوە ڕێژەی لەباربردنی منداڵ لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ زیادی کردووە بە بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای هەمان ساڵ، هەندێک لە بەرپرسانی رێکخراوی پزیشکی داد و دەزگای دادی ئەو پارێزگایانە هۆکاری سەرەکی لەباربردنی منداڵ دەگەڕێننەوە بۆ خراپی دۆخی ئابووری.
د. ئەمیر عیرفانی، یەکێک لە پسپۆڕانی کۆمەڵایەتی دەڵێت، "تەنیا باری ئابووری هۆکار نییە و لە زۆر بواردا بوونی چاولێکەری، کولتووری هەڵەی نێو کۆمەڵگە و دروشمی منداڵی کەمتر ژیانی باشتر، لە خێزانەکاندا بووەتە هۆی لەباربردنی منداڵان".
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ڕۆژانە ٢٠٠٠ منداڵ لەبار دەبرێن، ڕێژەکانیش لەو سێ پارێزگایە بەم شێوەیەیە، لە پارێزگای ورمێ لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٧٢ منداڵ لەباربراوە، بەراورد بە چوار مانگی هاوشێوەی ساڵی پێشتر لە ٪٣٥ بەرزبووەتەوە.
لە پارێزگای لوڕستان لە ماوەی شەش مانگدا ١٠٥ منداڵ لەباربراون کە بەراورد بە ساڵی پێشتر ٪٤٠ بەرزبووەتەوە. هەروەها لە پارێزگای ئیلامیش زیاتر لە ١١٠ منداڵ لە شەش مانگدا لەباربراون کە بەپێی رێژەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە، ئەوە بەرزترین ئاماری منداڵ لەباربردنە لەو ماوەیەدا.
جگە لە لەباربردنی منداڵ بە شێوەیەکی نایاسای کە بەرپرسانی پزیشکیی ئامادە نین ئاماری ڕاستی لەباربردنی منداڵی نایاسای بڵاو بکەنەوە، بەپێی ئامارێکی ساڵی ڕابردوو ٦٠٠ هەزار منداڵ بە شێوەیەکی نایاسای لەباربراون لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لەباربردنی منداڵ و کەمبوونەوەی ڕێژەی گەنج لەو وڵاتەکەدا بەپرسانی نیگەران کردووە، بەوەی چەند ساڵی داهاتوو ڕێژەی گەنج کەم دەبێتەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش چەندین هەوڵ دراوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
ت.پ