ڕێکخراوێک: بازرگانی بە تەندروستی منداڵانەوە دەکرێت
ڕێکخراوی پەنای کار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا چەندین بەڵگە دەربارەی بازرگانیکردن بە نەخۆشی منداڵانەوە ئاشکرا دەکات، کە چەند سەنتەرێک بە ناوی بردنی منداڵانی نەخۆش بۆ دەرەوەی وڵات پارەیان لە بنەماڵەی منداڵەکان سەندووە.
ناوەندی هەواڵ
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی پەنای کار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە ئۆفیسی سەرەکی خۆیان لە شاری سلێمانی ئاماژەیان بە هەبوونی چەند سەنتەرێک و کەسانێک کرد کە هاوڵاتیان هەڵدەخەڵەتێنن.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا ئاسۆ محەمەد سەرۆکی ڕێکخراوی پەنای کار، ڕایگەیاند لە ئێستادا بازرگانی بە تەندروستی منداڵانی نەخۆشەوە لە لایەن چەند سەنتەر و کەس و پزیشکێکەوە دەکرێت، کە بەناوی ئامادەکردنی ڤیزا بۆ چارەسەرکردن لە وڵاتی هیندستان پارە لە بنەماڵەی منداڵەکان وەردەگرن، پاش ئەوەی منداڵەکان لە نەخۆشخانە دەهێڵنەوە بە ناوی ئاگاداربوون لە تەندروستیی منداڵەکە هەڕەشە لە بنەماڵەکانیان دەکەن ئەگەر پارەیان پێنەدەن نەک هەر چارەسەریان ناکەن، بگرە منداڵەکەشیان پێنادەنەوە.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا جەختیان لەوە کردەووە کە منداڵ هەبووە بازرگانی پێوە کراوە و بووە بە بەشێک لەم ڕووداوانە، سەرباری ئەوەی لە دەزگا پەیوەندیدارەکان و فڕۆکەخانەدا بۆ ناردنی منداڵان بۆ دەرەوەی وڵات هیچ هاوکارییەک نییە.
لە ئێستاشدا ئامانجی ئەم ڕێکخراوە وەرگرتنەوەی مافی ئەو منداڵانەیە کە بوونەتە بەشێک لەو بازرگانییە، هەروەها کار دەکەن بۆ نەهێشتنی ئەو سەنتەرانەی کە بازرگانی بە منداڵانەوە دەکەن.
ت.پ