%٧٤ هاوڵاتیان گەشبین نین بە داهاتووی هەرێمی کوردستان

بەپێی ڕاپرسیەک ٪٧٤ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان گەشبین نین بە ئایندەی هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری کێشەکانیش بۆ گەندەڵی دەگەڕێننەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارە بۆ نەگەیشتنە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا، ئەندامی حزبی سۆسیالستیش کێشە و قەیرانەکانی بە هۆکارێک بۆ خراپی دۆخی کۆمەڵایەتی گێڕایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە بەشداری ژمارەیەک کەسایەتی حزبی و سیاسی و چاودێری سیاسی لە ئوتێل های کریست لە شاری سلێمانی گفتوگۆیەک لە لایەن "پلاتفۆڕمی کوردستان بۆ پرسە نیشتیمانییەکان" دەربارەی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەند ئەنجامدرا.

 

لە سەرەتای پلاتفۆڕمەکەدا ڕاپرسیەک خرایەڕوو، کە دوو هەزار و ٨٣١ کەس بەشدارییان تێدا کردووە، بە پێی ڕاپرسیەکەش ٪٨٤.٩ هاوڵاتیان بە بەراورد بە شەش ساڵی ڕابردوو دۆخی ئابووریان خراپتربووە، ٪٤٥.٢ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسی ڕێکنەکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەزانن.

 

هەر بە پێی ئەو ڕاپرسیە ٪٧٢.٢ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێیان باشە کە مووچە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بدرێتە مووچەخۆران، هەروەها ٪٧٢.٦ هاوڵاتیان گەندەڵی بە مەترسی ڕاستەقینە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەزانن، بە ڕێژەی ٪٦٠.٩ پێیان وایە لە داهاتوودا ململانێکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەکارهێنانی هێزی تێدەکەوێت.

 

لە کۆتایی ڕاپرسیەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، ٪٧١.٥ هاوڵاتیان بڕوایان وایە هەرێم بە شێوەیەکی شەفافانە مامەڵەی لەگەڵ بەغدا نەکردووە و ٪٧٤.٤ هاوڵاتیانیش بە ئایندەی هەرێمی کوردستان گەشبین نین.

 

دوای ڕاپرسیەکە بەشداران گفتوگۆیان لەسەر دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان کرد، ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر چالاکیەکە بەردەوام بوو.

 

تەنیا تاهیر، ئەندامی مەکەتبی سیاسی حزبی سۆشیالستی کوردستان، لە لێدوانێکدا ئەوەی خستەڕوو ئەم ڕاپرسیە ڕەشبینی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە دەسەڵات نیشان دەدات، کە بێزارە لە حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە، بەهۆی ئەم شێوازە حوکمڕانیەوە.

 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان بوونەتە هۆی داڕمانی لایەنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا، توێژەرانی کۆمەڵایەتیش بەردەوام هۆشیاری لەسەر داڕوخانی تەواوی لایەنی کۆمەڵایەتی دەدەن، لە ئێستادا ئامارەکان توندوتیژی خێزانی و ژناندا دەیسەلمێنن کە دۆخی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی بە چ دۆخێکدا تێپەڕدەبێت، کاریگەرییەکانی خراپی دارایی دەرکەوتووە.

 

لە گفتوگۆکەدا ئەندامان و چالاکانی سیاسی و حزبی بەشدارن، تا هەوڵبدەن ڕێگا چارەیەک بۆ باشکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە.

 

ت.پ