ژنانی هەدەپە لە سەردانەکانیان بەردەوامن

نوێنەرایەتی ژنانی هەدەپە لە باشوری کوردستان سەردانی هەریەک لە ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادیان کرد، گفتوگۆیان دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە کایە سیاسیەکان و بەرەو پێشبردنی تواناکانی ژنان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نوێنەرایەتی ژنانی هەدەپە لە باشوری کوردستان سەردانی ژنانی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد لە گردەکە، دواتریش سەردانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستانیان کرد.

 

نوێنەرایەتی ژنانی هەدەپە پێکهاتبوون لە ناهیدە ئارمیش و مزگێن ئارین لەگەڵ ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان، کە پێکهاتبوون لە سازە عومەر، نوخشە ئەحمەد و ڕێزان هەردی، بۆ ماوەی کاتژمێرێک کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە کایە سیاسیەکاندا لەگەڵ چۆنیەتی بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە بواری سیاسیدا گفتوگۆیان ئەنجامدا.

دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕێزان هەردی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، پاڵپشتی ژنانی ناو بزووتنەوەی گۆڕانی بۆ هەدەپە دەربڕی، هەروەها ڕایگەیاند، ئەوان لە ڕێگای دەزگای ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پاڵپشتی خۆیان بۆ هەدەپە ڕادەگەیەنن.

 

شاندەکەی هەدەپە سەردانی ڕژاک‌ی کرد

دواتر شاندەکەی نوێنەرایەتی هەدەپە چوونە لای ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، لەگەڵ هەریەک لە ویژدان نورەدین، بانوو هەڵەبجەی و ژینۆ ڕەشید ئەندامانی ئەنجومەنی ڕژاک کۆبوونەوە، هەروەها داوایانکردن پشتگیری لە کوردانی باکوری کوردستان بکەن، کە لە ئێستادا دەوڵەتی تورک ستەمێکی زۆریان بەرامبەر دەکات.

ژینۆ ڕەشید، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، کە ئەوان بە هەموو جۆرێک پشتگیری هەدەپە دەکەن، هەروەها ئیدانەی دەوڵەتی تورک دەکەن دژی ئەو ستەم و توندوتیژییانەی کە بەرامبەر بە کوردانی باکوری ئەنجام دەدات.

 

ت.پ