لە چەمچەماڵ پەیکەری کەزییەکی پێنج مەتری بۆ بەرخودانی ڕۆژئاوا دروست کرا
لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ، پەیکەری کەزییەک بە درێژیی پێنج مەتر بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دروست کرا.
ناوەندی هەواڵ
لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵی سەر بە سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پەروەردە و خوێندکاران، چەند چالاکییەکی هونەری بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە چوون.
چالاکییەکان بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیانی شەهیدانی بەرخودانی ڕۆژئاوای کوردستان و سەرجەم شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و بە وتنەوەی سرودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" دەستیان پێکرد.
دواتر بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ قاسم عەلی و ڕاگری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ دارا عەلی، پەردەیان لەسەر پەیکەری "کەزی" لابرد کە درێژییەکەی پێنج مەتر بوو و لەلایەن خوێندکارانەوە دروست کرابوو.
چەند خوێندکارێکی دیکەی پەیمانگاکەش بە خوێندنەوەی هۆنراوە بەشدارییان لە چالاکییەکە کرد.