نەسیم سیمیاری وەڵامی بانگەوازەکان دەداتەوە و کۆتایی بە مانگرتنەکەی دەهێنێت
نەسیم غوڵامی سیمیاری، چالاکوانى مەدەنی کە لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرە، دواى پێگەیشتنى پەیامى هاودەنگى و پاڵپشتى بەکۆمەڵ لەلایەن زیندانیان و چالاکوانانى مافە مرۆیی و مەدەنییەکان و زیندانیانى پێشووەوە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم، چالاکوان نەسیم سیمیاری بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیاری کتوپڕی هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندی فەریبە کەمالبادی مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند.
نەسیم غوڵامی سیمیاری، چالاکوانی مەدەنی و زیندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤین، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی تشرینی یەکەم، لە نامەیەکدا لە ناو زیندانەوە ڕایگەیاند، لەسەر داوای کۆمەڵێک چالاکوانی سیاسی و مەدەنی و هاوزیندانیان، دوای دە ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.
هەروەها سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ پاڵپشتى هاوزيندانیان و چالاکوانان ده ڕبڕى، وتی: "نامە پڕ لە خۆشەویستی و بەرپرسیارانەکانی ئێوەم خوێندەوە و بە قووڵی کاریگەر بووم، هەموو وشەیەک ئەو ڕۆژانەی بیرخستمەوە کە پێکەوە ئازارکانمان کردە بەرخۆدان، بۆ من و فەریبە کەمالبادی ئازیزم، بەسەربردنی ڕۆژانی زیندان به هێنده ی ته ماشاکردنی نادادپه روه ری پێش خۆمان قورس نه بووە، ئازاری زیندان تەنها لەگەڵ شایەتحاڵی بەردەوامی نادادپەروەریدا زیاد دەکات، مانگرتنم لە خواردن لەم ئازارەوە سەریهەڵدا، لە بێتواناییم لە بێدەنگبوون لە بەرامبەر ئەو شتانەی کە نابێت ئاسایی بن."
جەختیشی لەوە کردەوە، مانگرتنەکەی وەڵامێکە بۆ ئەو نادادپەروەرییەی کە فەریبە کەمالبادی زیندانی ویژدانی بەهایی تووشی بووە، "ئەمڕۆ دوای بیستنی دەنگی خۆشەویستی ئێوە، باوەڕم بە هێزی هاودەنگی ئێوە دوو هێندە زیادی کردووە، ئەم پەیوەندییە خۆی لە خۆیدا وەڵامێکە بۆ نادادپەروەری، من باوەڕم وایە هاودەنگی و هەوڵی بەکۆمەڵ ڕێگەی گەیشتنە بەو دادپەروەرییەی کە فەریبەی خۆشەویستم شایەنییەتی".
لە کۆتایی نامەکەیدا وتی: جگە لە ژیانم هیچم نەبوو پێشکەشی بکەم، ئێستا دەزانم کە دەنگەکانمان لەگەڵ دەنگەکانی ئێوە دەتوانن دیوارەکان ببڕن، لەبەر ڕێزگرتن لە تۆ، کۆتایی بە مانگرتنەکەم دەهێنم".
پێشترهاوزیندانیانی نەسیم غوڵامی سیمیاری لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و زیندانیانی پێشووی ویژدان، نامەیەکیان بۆ ناردووە و داوایان لێکردووە کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن بهێنێت بۆ پاراستنی تەندروستی.