لە ڕانیە بە ڕۆحی بەرخۆدانی ژنان پەیمانی تێکۆشان دژی داگیرکەری و هێڵی خیانەت نوێکرایەوە

لە یەکەمین ساڵیادی بەئامانجگرتنی ساڵیحە ڤیان و پێشەنگانی تەڤگەری ئازادی و دەنگی حەقیقەت لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، لە شارۆچکەی ڕانیە چالاکییەکی جەماوەری بەبیرهێنانەوە ڕێکخرا.

ڕانیە 

 

دوێنی ٢٧ی کانوونی دووەم، لە شوێنی بە ئامانجگرتنیان لە نزیک شارۆچکەی چوارقوڕنە سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، بە بەشداری دەیان ژنی تێکۆشەر، وڵاتپارێز و ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد، یادی شەهیدبوونی هەریەک لە شەهیدان (هێڤا عەرەبۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستارو پەلین زۆزان، سیاسەتمەدار و تێکۆشەری بواری ژنان و دلاوەر عەرەبۆ، ئەندامی پەیەدە و عەزیز کۆیلوئۆغلو، ڕۆژنامەنووس و دەنگی ڕاستی کەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە ئامانج، بەرز ڕاگیرا.

 

هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی هەقیقەت

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستیپێکرد. پاشان ڕاگەیاندراوی ڕاگەیاندنی ئازاد لە باشووری کوردستان لەلایەن ڕۆژنامەنووس باران جومعە خوێندرایەوەو تیشک خرایە سەر ئەوەی کە ئامانجی داگیرکەران لەم هێرشانە، لێدانە لە دەنگی ئازاد و شاردنەوەی تاوانەکانیانە.


لە راگەیاندراوەکەدا هاتبوو: ئەم تیرۆرانە هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی ئایدۆلۆژیای نەتەوەیەک کە عاشقی ئازادییە، بەڵام ئێمە وەک ڕاگەیاندنی ئازاد، بەڵێنمان بە خوێنی شەهیدان داوە کە ببینە دەنگی هەقیقەت و ڕێگە نەدەین پیلانەکانی داگیرکەری سەربگرێت، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەدا کە گەلەکەمان لە دۆخی سەفەربەریی مان و نەماندایە.

 

بە دەستی خیانەت پێشەنگانی ژن کرانە ئامانج

ڕووناک مەجید، چالاکوانی سیاسی، لە وتارێکدا بە توندی هێڵی خیانەت و سیخوڕی ناوخۆیی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، کە شەهیدکردنی ئەم پێشەنگانە بە هاوکاریی دەستی ڕەش و خیانەتکاران بووە وتی: شەهیدان هێڤا و پەلین و هاوڕێکانیان، لە سەنگەری پێشەوەی تێکۆشاندا بوون، بۆیە کرانە ئامانجی ئەو کەسانەی کە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان خاکی خۆیان دەفرۆشن. ئەو هێرشە هۆڤانەیەی ئەمڕۆ لەژێر ناوی جیاوازدا دەکرێتە سەر دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا و باشوور، درێژکراوەی هەمان عەقڵییەتی داعشە و بەشێکە لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی، بەڵام یەکێتی نەتەوەیی بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، وەڵامی هەرە بەهێز دەبێت بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو خەونانەی داگیرکەران.


هەروەها ئاماژەی بە گۆڕانی عەقڵییەتی نەوەی نوێ کرد و وتی: ئەوانەی دەیانوت گەنجان تەنها سەرقاڵی تەکنەلۆژیان، ئەمڕۆ دەبینن چۆن هەمان تەکنەلۆژیا بووەتە ئامرازی هۆشیاری و کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکان دژی داگیرکەری.

 

کەزییەکان؛ سیمبولی بەرخۆدان
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، دیمەنێکی پڕ واتای بەرخۆدان تۆمار کرا. وەک وەفایەک بۆ تێکۆشانی ژنان و بەبیرهێنانەوەی ئەو ژنە شەڕڤانانەی لەپێناو خاکدا کەزییەکانیان دەبڕی، بەشداربووان کەزییان لە شوێنی شەهیدبوونی هەڤاڵان دانا و شوێنەکەیان گوڵباران کرد.
مەراسیمەکە بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی "نا بۆ داگیرکەری" و "شەهید نامرن" و دووپاتکردنەوەی پەیمانی درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان کۆتایی هات.