کژار: نەورۆز مزگێنی بڵندکردنی تێکۆشانی گەلانە بە پێشەنگایەتی ژنان
کۆمەڵەی ژنانی ئازادی کوردستان "کژار" بە پەیامێک جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد و وتی: پەیوەندی نەورۆز بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی'ـیەوە لەسەر بنەمای ئازادیی ژن و ژیانی ئازادە، ئەمەش دەتوانێت ببێتە بەستەرێک بۆ پەرەدان بە تێکۆشانی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ژنانی ئازادی کوردستان "کژار" بە دروشمـی " نەورۆزی ئازادیی، سەرهەڵدانی گەلان لە بەرەبەیانی ڕزگاریدایە" بە پەیامێک جەژنی نەورۆزی ئازادی و دیموکراسی پیرۆز کرد و گوتی: " کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) نەورۆزی ٢٧٢٦ـی ساڵی کوردیی بە یادکردنەوەی شەهیدانەوە لە هەموو گەلانی ئازادیخواز و بە تایبەت ژنانی ئازادیخواز پیرۆز دەکات. لە قۆناغێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوین گیرۆدەی شەڕ و ئاڵۆزییە، پێش هەموو شتێک نەورۆز سەنگەرێکی بەرخۆدانە لە دژی هەموو جۆرە ستەم و دەسەڵاتدارییەک.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کژار بەم شێوەیەیە:
نەورۆزی ئازادیی، سەرهەڵدانی گەلان لە بەرەبەیانی ڕزگاریدایە!
لە داستانی میتۆلۆژی چەندین وڵاتی جیاوازدا، نەورۆز هەمیشە سیمبوڵی بەرخۆدانە لە بەرانبەر ستەم و زۆرداریی. نەورۆز لە گرنگترین جەژنەکانی گەلانی میزۆپۆتامیایە کە بە درێژای ساڵان وەرچەرخاوە بۆ بەها و چاندێکی هاوبەش. نەورۆز لەمڕۆدا لەگەڵ پێوانەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا یەکانگیردەبێت. بە ڕەهەندە یەکگرتوویی، کۆبوونەوە و خواستی بەرخۆدانەکانی بووە بە جەژنی ژیانەوەی گەلان.
کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" نەورۆزی ٢٧٢٦ـی ساڵی کوردیی بە یادکردنەوەیی شەهیدانەوە لە هەموو گەلانی ئازادیخواز و بە تایبەت ژنانی ئازادیخواز پیرۆز دەکات. لە قۆناغێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوین گیرۆدەی شەڕ و ئاڵۆزییە، پێش هەموو شتێک نەورۆز سەنگەرێکی بەرخۆدانە لە دژی هەموو جۆرە ستەم و دەسەڵاتدارییەک. لە ڕاستیدا نەورۆز میتۆلۆژیای بەرەنگاری چەوساوەکانە بە پێشەنگایەتی کاوەی ئاسنگەر لە دژی ستەم و سەرکەوتنێتی بەسەر زوحاکی خوێن مژدا.
جا بۆیە نەورۆز بەرەنگاری و ڕاپەڕینە لە دژی دیکتاتۆریی و ستەم، هەروەها هەمیشە بووە بە سیمبوڵی تێکۆشان لە دژی هەوڵەکان بۆ بێمانادارکردنی نەورۆز. لە ڕوویەکی دیکەوە بەپێی تایبەتمەندیی یەکگرتنی نەورۆز، بەستەرێکە بۆ یەکێتیی فرەڕەنگییەکان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لە ئێران. بەوپێیەی یەکێتیی گەلان دەرچەی چارەسەرییی پرسە کۆمەڵاتییەکانە، یەکێتیی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بووە بە پێویستییەکی مێژوویی ژیانی. لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک هەیە.
لە هەمان کاتدا نەورۆز مزگێنی هاتنی بەهارە و ناوەڕۆک و ناسنامەیەکی سیاسیشی وەرگرتووە و لە بەهێزکردن و پاراستنی هەستە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. نەورۆزی ٢٧٢٦ مزگێنی بڵندکردنی تێکۆشانی گەلانە بە پێشەنگایەتی ژنان لە ئێران. ژنان هەمیشە ڕۆڵێکی مەزنیان گێڕاوە لە پاراستن و گواستنەوەی چاندی نەورۆزدا و بەشدارییان لە نەورۆزدا بووە بە سیمبوڵی بەرخۆدان و ئازادیی. پەیوەندی نەورۆز بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی'ـیەوە لەسەر بنەمای ئازادیی ژن و ژیانی ئازادە. ئەم یەکانگیرییە دەتوانێت ببێتە بەستەرێک بۆ پەرەدان بە تێکۆشانی ژنانی ئێران و یەکێتییەکی پتەو لە پێناو گەیشتن بە ئازادی.
کژار جارێکی دیکە بانگهێشتی ژنانی ئێران دەکات کە بە بەشدارییەکانیانەوە پێشەنگایەتی بوارەکانی تێکۆشان و هەڵکردنی ئاگری "نەورزۆی ئازادی' ئایندەیەکی ئێرانێکی ئازاد و دیموکراسی دامەزرێنن.
پیرۆزبێت نەورۆزی ئازادی!
ژن ژیان ئازادی!".