شەریفە محەمەدی بە شێوەیەکی کاتیی ئازاد کرا

شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاریی و زیندانیی سیاسیی، لە گرتووخانەی لاکانی ڕەشت مۆڵەتی پشووی کاتیی وەرگرت و بەشێوەیەکی کاتیی ئازاد کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا دەربارەی بارودۆخی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت ڕایگەیاند، شەریفە محەمەدی چالاکوانی کرێکاریی و زیندانیی سیاسیی لە گرتووخانەی لاکانی ڕەشتی ئێران مۆڵەتی پشوویی کاتی وەرگرت و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو زیندانییە سیاسییە بە دانانی بارمتە بۆ ماوەی یەک هەفتە لەلایەن بەرپرسانی گرتووخانەکەوە پشووی کاتیی پێدراوە.

 

شەریفە محەمەدی لەدایکبووی ١٩٧٩ـیە و خەڵکی گوندێکی سەر بە شارۆچکەی میانە لە سنووری پارێزگای ورمێ ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەروەها بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ وەک چالاکوانی کڕیکاران خزمەتی کردووە و چالاکییەکانی بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ پشتیوانیکردن لە مافەکانی کرێکاران بووە.

 

لە ٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، شەریفە محەمەدی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری ڕەشتی ئێران بە بێ فەرمانی دادوەر لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا و پاشان ڕەوانەی گرتووخانەی لاکانی ڕەشت کرا، لە ٥ـی تەمووزی ٢٠٢٤ بە تۆمەتی “یاخیبوون” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە ١٦ـی ئابی ئەمساڵدا، لە لایەن لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێران بڕیارەکە بە تەواوی پەسەند کرا، دواتر لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، سزاکەی گۆڕدرا بۆ ٣٠ ساڵ زیندانیی.