نەورۆزی یەکڕیزی و ئازادی لە مەخموور

نەورۆز لە کەمپی پەنابەرانی مەخموور بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەڕێوەچوو. مەیدانی نەورۆز بە ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستان ڕازاوەتەوە.

مەخموور

 

لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" جەژنی نەورۆز بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەڕێوەچوو. نیوەڕۆ هەموو خوێندکاران و خەڵکی کامپەکە بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیانەوە و بە ڕەنگی سەوزو سوورو زەردەوە ڕوویان لە ناوچەی ئاهەنگەکە کرد. ناوچەی نەورۆز بە ئاڵا و وێنەی پێشەنگەکانی خەباتی ئازادیخوازی کوردستان و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕازاوەتەوە.

 

ئاهەنگەکە بە خولەکێک بێدەنگی لە ناوەندی کولتووری و هونەری مەخموور دەستیپێکرد. دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی ئازادی کوردستان، ئاگری نەورۆز هەڵگیرسا. فیلیز بوداک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل مەخموور دوای داگیرساندنی ئاگری نەورۆز، باسی لە گرنگی ئەو ڕۆژە کردو پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم ئازادیخوازان کرد.

 

دوای وتاردان لەسەر گرنگی ئەو ڕۆژە، کۆما چاندو هونەری مەخموورو ستێێرا زێڕین چوونە سەر شانۆ و گۆرانییەکانیان پێشکەش بە ڕای گشتی کرد. پاشان کۆما هەڤرە کە لە باکووری کوردستانەوە هاتبووە مەخموور، گۆرانییەکانیان دەوتەوە و جەماوەرەکە بە گۆرانییەکانیان هەڵپەڕین، لە کۆتاییدا گۆرانیبێژ ئایلین دەمیرکایا چوونە سەر شانۆ و ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.