کردنەوەی خوێندنگاکان و نەبوونی موچەی مامۆستایان یەکناگرێتەوە
٧ی ئەم مانگە بڕیارە دەرگای خوێندنگەکان بکرێنەوە، مامۆستایانیش داوای ئازادکردنی گیراوانی بادینان و هەولێر و پێدانی موچەکانیان دەکەن هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ لە شاری هەولێر لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا کۆبوونەوەیان ئەنجامدا بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری پەورەردەی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند ٧ ی ئەم مانگە دەرگای خوێندنگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کێشەی پێدانی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران چارەسەر نەکراوە.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ڕوونکردنەوەی زیاتری دەربارەی کردنەوەی خوێندنگاکان خستەڕوو، بە شێوەیەک قۆناغەکانی ١ی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەی بە شێوەی نۆرە دەوام دەکەن، واتە هەفتەی ٣ ڕۆژ، بۆ ڕێکخستنی دەوامیش بە شێوەی نۆرە دەسەڵات دەدرێتە دەست بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان.
ئەو قوتابخانانەی دەکەونە گوندەکان و ناوچە دوورەکان بە مەرجێک خوێندکاریان کەم بێت لە هەفتەیکدا ٤ ڕۆژ دەوام دەکەن یەک لە دوای یەک، کاتی دەوام کردنی مامۆستایانیش بۆ ئەم ساڵی خوێندن، پەیوەست دەبێت بە کاتەکانی وانە وتنەوە و لە دوای تەواو بوونی وانەکانیان لە خوێندنگەدا نامێننەوە.
هەروەها چوونە ناو هۆڵی خوێندنگاکان لە لایەن خوێندکارانەوە ئارەزوومەندانەیە و بەخێوکەری خوێندکار دەتوانێت پێداویستی تەواوی ئۆنلاینی بۆ دابین بکات و خوێندکار نەچێتەوە بۆ خوێندنگە، یەکی دیکەش لە بڕیارەکان ئەوەیە بۆ ئەمساڵی خوێندن جلوبەرگی یەکپۆشی جێبەجێ ناکرێت.
"مامۆستایان داوای ئازادکردنی زیندانیان دەکەن"
لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری کردنەوەی خوێندنگاکان مامۆستایانی ناڕازی دوای کۆبوونەوە و گەشتنە بڕیاری هەموو شار و شارۆچکەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆیان پیشاندا و داواکاری خۆیان خستە ڕوو.
مامۆستایانی نارازی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا داوای مافە ڕەواکانی خۆیانیان کرد، داواکاری مامۆستایان بریتی بوو لە پێدانی موچە ٣٠ رۆژ جارێک بێ لێبڕین، ئازادکردنی زیندانیانی بادینان و هەولێر، سیستەمی پلە بەرزکردنەوی مامۆستایان دەستپێبکاتەوە و ئەو موچانەی بە ناوی پاشەکەوتەوە لای حکومەت ماوەتەوە بدرێتەوە بە مامۆستایان.
مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەشیان بەوەدا بایکۆتکردنی چوونە هۆڵی خوێندن بە مافی خۆیان دەزانن و لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکاریەکانیان ناگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
ت.پ