هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی پزیشک بەیان ساڵحیان و بۆ شوێنێکی نادیاریان برد
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری ورمێ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بەیان ساڵحیان، پزیشکی هەناوی لە شاری ورمێ و دەستبەسەریان کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان برد.
ناوەندی هەواڵ
لەم دواییانەدا دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەتەکانیان و سەرکوتکردنی ئەمنیەتییەکانیان لە دژی هاوڵاتییان و چالاکانی مەدەنی چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەواڵەکان هۆشدارییان لە فراوانبوونی مەودای دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە و داگیرکردنی ماڵەکان بەبێ فەرمانی ڕوون و ئاشکرا داوە.
هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لە شاری ورمێ، پزیشکێکی کورد بەناوی بەیان ساڵحیانیان کە پزیشکی هەناوییە دەستبەسەر کردووەو بۆ شوێنێکی نادیاریان برد. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەستدرێژی جەستەیی کراوەتە سەر.
سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویانکردەوە، هێزە ئەمنییەکان گەڕانێکی وردیان لە ماڵەکەدا ئەنجامداوەو دەستیان بەسەر سەرجەم ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پزیشکەکەدا گرتووە، لەناویاندا مۆبایل و کۆمپیوتەری تایبەتی پزیشکەکە، تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو کچە یان ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراوە، ئاشکرا نەکردووە.
شایانی باسە، بەیان ساڵحیان کە خەڵکی سەقزە و لە شاری ورمێ کار دەکات، پێشتر لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم بە شێوەی ئۆنلاین" بە هەشت مانگ زیندانی سزادرا، دواتر سزاکە بۆ سزای ماددیی گۆڕدرا.