دایکان هەشت ساڵە لە چاوەڕوانی منداڵەکانیان و لێپرسینەوە لە تاوانەکان نەکراوە

هەشت ساڵ بەس نەبووە بۆ ساڕێژکردنی ئەو برینانەی کە هێشتا خوێنیان لێدێت و ئەو فرمێسکانەی کە لە چاوی ئەو دایکانەدا وشک نەبوون، کە منداڵە خۆشەویستەکانیان بە دەستی تیرۆری داعش لەدەستداوە و بەشێکی زۆریان بێ لێپرسینەوە ماونەتەوە.

بەرائەت جالی

 

ڕەققە -ئەگەر بە دەستی خۆی بەخاکی بسپاردایە ئاگری دڵی دایکانی ڕەققەی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا لەبری ئەو چاوەڕوانییە کوشندەیە سارد دەبووەوە، چاوەروانی هەستی دڵخۆشی دایکانی بۆ سەرکەوتنیانی بەسەر داعشدا دزیوە، چونکە کوڕەکانیان لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون، هێشتا نادیارن.

 

گلەیی دایکان لە ئازاری چاوەڕوانی، بەڵگەی زیندووە بۆ ئەو ئازارەی داعش بەجێی هێشتووە، سەرەڕای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر ئازادکردنی ڕەققەو و ڕزگاربوون لە تیرۆریزمی داعش و پێشێلکارییە دڕندەکانی دژ بە خەڵک و بەتایبەت ژنان، چارەنووسی دەیان نادیارە.

 

هەشتەمین ساڵڕۆژی ڕزگارکردنی ڕەققە لە٢٠ی تشرینی یەکەم، لە دەستی تیرۆری داعش تێدەپەڕێت، کە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پارێزگایە جێپەنجەی تاریکی لەسەر مێژوو و ژیانی خەڵکی ئەوێ بەجێهێشتووە، ئازادکردنی پارێزگاکە وەرچەرخانێکی مێژووییە لە ڕاستی شارەکە و ژناندا، بەڵام خۆشییەکە ناتەواو، چونکە هێشتا خەڵکانێک بێسەروشوێنن و چاوی دایکانیان بەرەو ڕێگاکە دەڕوانن، بە هیوای گەڕانەوەیان.

 

نیو کاتژمێر کە ساڵانێکی زۆری خایاند

فاتمە سیراج سەمیل، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵان، وتی: کوڕەکەم لەدەستدا، کە هەوڵیدا لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی شارەکە بەجێبهێڵێت، خێزانەکە خۆیان ئامادە کرد و چاوەڕێی بوون، وتی لەوێ دەوستێت و سەرەخۆشی بۆ دراوسێکەمان دەکات، پاشان بەرەو میکانیکی دەڕوات، بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە چاک بکاتەوە، لە تەلەفۆنی کابراکەوە تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی نیو سەعات زیاترم پێناچێت دەگەڕێمەوە، بەڵام کاتێک گەڕانەوەی دواکەوت، ترس و دڵەڕاوکێ هاتە ناو دڵمەوە، تەلەفۆنم بۆ میکانیکەکە کرد، ئەویش وتی کوڕەکەم چووەتە ماڵی هاوڕێیەکم بۆ ئەوەی پارچەی ئۆتۆمبێلەکە وەربگرێت کە پێویستی پێیەتی، دوای ماوەیەک میکانیکەکە پێی وتم کە چەتەکانی داعش تەقەیان لێکردووە وە ئێستا خوێنی لێیەت، هەروەها دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا گیراوە، هیچ زانیارییەکی دیکەی نەزانیوە، پێی وایە هۆکارەکەی ئەوە بووە کە ئەندامی سوپای ڕژێم بووە، کاتێک بەدواداچونمان کرد لەگەڵ داعش، پێیان وتین دەستبەسەر دەکرێت، چونکە پێشتر ئەندامی ڕژێمە و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئازاد دەکرێت، بەدرێژای ئەو ماوەیە چاوەڕێمان کرد، دواتر چاوم بە یەکێکیان کەوت، کە پێی وتم لە زینداندا بینیومە، ئەوە دواجار بوو کە گوێم لە هەواڵی بوو.

 

پێشێلکاری و توندوتیژی دژی ژنان

بە دڵنیاییەوە لە پرسیارکردن نەوەستا، سەردانی هەموو بارەگایەکی چەتەکانی دەکرد، بەو هیوایەی هەندێک ڕزگاربوون لە ئازارەکانی کەم بکاتەوە، بەڵام چەتەکان کە فێری ڕێزگرتن لە ژن و دایک نەبوون، بە توندوتیژی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد، وتی: لەگەڵ منداڵە بچووکەکەم چوومە یەکێک لە بازگەکانیان لە شەقامی ئەماسی، یەکێک لە چەتەکان چەکەکەی لە دژی من بەکارهێنا، دەمانچەکەی ئاراستەی سنگم کرد و پاڵی پێونام بۆ سەر زەوی و وتی کوڕەکەت تیرۆریستە لەگەڵ ڕژێمی بەشار، پێم وت کوڕەکەم تاوانبار نییە، بەڵام پشتگوێی خستم، چەتەیەکی تر هات ناوی کوڕەکەمی لێ پرسیم، بۆیە بە عەلی عەبدول مەرعی پێ وت، لە تونێلەکەیاندا چووە ناو زیندان و ناوی لێنا، گوێم لە دەنگی ئەو بوو کە وەڵامی دەدایەوە، دڵم سووتا، بەڵام ڕێگەیان پێنەدام تەنانەت بۆ جارێکیش بیبینم، بۆیە بە بێ هیوای گەڕامەوە ماڵەوە، کات تێپەڕی تا پیاوێک هاتە لامان و وتی کوڕەکەت لە نەخۆشخانەی نیشتمانییە چونکە بریندار بووە، نەخۆشخانەکەیان کردبووە زیندان، لەو کاتەدا، هەڵمەتی ڕزگاری دەستی پێکرد و بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان چڕتربوونەوە و ناچارمان کرد هەڵبێن.

 

سەردەمی داعش کۆتایی هات، بەڵام ئازارەکان هەرگیز کۆتایی نایەت

ساڵان تێپەڕی و هێزەکانی سووریای دیموکرات "قەسەدە" کانتۆنی ڕەققە و تەبقایان ئازاد کرد،وتی: ئێمە لە کانتۆنی تەبقا پەنابەر بووین، لە هەموو شوێنێک دەستمان کرد بە گەڕان بەدوایدا، وێنەکانیمان لەسەر هەموو ڕێگاوبانەکان و لە هەموو شوێنەکان بڵاوکردەوە، تا بەرپرسێک گوێی لێ بوو، و لە کانتۆنی کۆبانێیەوە هاتە لای ئێمە، پێی وتین لە زیندانێکی کۆبانێدایە، لەگەڵ ئەو چوومە لای بەڕێوەبەری زیندانەکە، ئەویش پێی وتم کە هەموو زیندانییەکانی کانتۆنی ڕەققە گواستراونەتەوە بۆ قامیشلۆ.

 

بێهیوایی کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت و ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بێت چیتر بەرگەی ناگرێت، بە دڵشکاویەوە وتی: بە بێ هیواییەوە، نزیکەی دوو مانگ لەسەریەک لەسەر جێگاکەم مامەوە، نەمتوانی هەستمەوە، چونکە بەو هیوایەی بیدۆزمەوە چووبوومە ئەوێ، بەڵام نەمدۆزیەوە، دوای ئەوە چوومە شاری قامیشلۆ و کاغەزەکانی و وێنەکەی و بەرواری بێسەروشوێنبوونیم پێیان دا، بەڵام پێیان وتم لەگەڵیان نییە، دیسانەوە بە بێ هیوای گەڕامەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە هەموو ڕوویەکەوە هیوام لەدەستدابوو.

 

وتیشی: ماوەی نۆ ساڵە، ڕۆژانە ئازار دەچێژێژم، بەتایبەتی کاتێک دەمەوێت بخەوم، زۆرجار بیری دەکەمەوە و لەخوای گەورە داواکارم سزای هەموو ئەو کەسانە بدات کە لەڕێگەی تیرۆری داعشەوە ئەم کارەیان لەدژی ئێمە ئەنجامداوە، هەست بە ئازار دەکەم کاتێک کچە دووانەکانی دەبینم، ئێستا لەپۆلی پێنجەمدان، هەروەها هیوادارم هێزەکانی سووریای دیموکرات "قەسەدە" لێپرسینەوە لەگەڵ داعش و هەموو ئەو کەسانە بکەن کە ئێمەیان گەیاندە ئەم قۆناغەی خەم و پەژارە، هەندێک جار دەڵێم هیوام لەدەستداوە، بەڵام پێموانییە هێشتا هیوام لەدەستچووبێت، هیوادارم پێش مردنم کوڕەکەم ببینم.

 

تۆڵەسەندنەوە بۆ دوو منداڵەکەی

ڕیم ئەحمەد، تەمەن ٦٥ ساڵ دوو کوڕی لەدەستدا، وتی: کوڕی یەکەمم بەناوی عومەر لە ژوورەکەی خۆیدا خەوتبوو، کاتێک چەتەکانی داعش لە نیوەی شەودا هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکە و بردیانە شوێنێکی نادیار، کوڕەکەی دیکەشم کە ناوی ئەحمەدە، لەکاتێکدا لە دەرەوەی ماڵەکە بووە، دەستگیرکراوە، عومەر کاری مریشکفرۆشی دەکرد، ئەحمەدیش دارتاش بوو، ئەوان بە تۆمەتی بریکاری ڕژێمی پێشوو دەستبەسەر کراون، عومەر دوو کچی زۆر بچووکی بەجێهێشتووە، کە داپیرە و باپیری گرنگییان پێدەدا، بەڵام بەم دواییە باپیرەی بەشێکی ئیفلیج بوو، ئەمەش ئازارەکانی خێزانەکەی زیاتر کرد.

 

دایکەکە بە بێدەنگی نەوەستا، ئەو و هاوژینەکەی پەلەیان کرد لە گەڕان بەدوایاندا، وتیشی: زیاتر لە جارێک بە دوایاندا گەڕاین، هەر جارەش، ئامادە نەبوون هیچمان پێ بڵێن، لە نووسینگەی خێڵەکانی داعشەوە وەرەقەی تایبەتمان ئامادە کرد بۆ ئەوەی یەکێک لە زیندانەکانیان پشکنین، بەڵام چەند جارێک ڕەتیانکردەوە بچینە ژوورەوە، و بە سادەی وتیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، دوای ماوەیەکی زۆر پێمان وترا کە بە ناوی تۆڵەکردنەوە کوژراون، سەرەتا ئەحمەد، پاشان عومەر، ئێمە چووین بۆ ئەوەی پشتڕاستیبکەینەوە، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوە و وتیان ئەوەی بیستبوومان دوورە لە ڕاستییەوە، دوای ماوەیەک تاوانەکەیان ڕاگەیاند و دانیان بەوەدا ناوە کە ئەحمەدیان کوشتووە، دوای ماوەیەکی درێژی دیکە دانیان بەوەدا ناوە کە عومەریشیان کوشتووە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش تەرمی ئەوانیان ڕادەستی ئێمە نەکرد.

 

لە کۆتایی قوسەکانیدا وتی: ژیان سەخت و تاڵ بووە، ژیان بۆ من کۆتایی هات، بەڵام من لە پێناو کچە بچووکەکانمدا دەژیم و بەرگەی هەموو شتێک دەگرم، خۆزگەمان دەخواست هەواڵەکە درۆ بوایە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر لە بیرمدایە، و هیچ شتێکم لەبیرناچێت، هەرچەندە بچووکیش بێت، هێشتا جلی هاوسەرگیری ئەحمەد دەهێڵمەوە، و جارجارە دەیانبەمە دەرەوە بۆ ئەوەی بۆنی بکەم، بۆنەکەی هێشتا لەسەریان ماوەتەوە، دڵم بە ئاگر دەسوتێت.