سوەیدا میوانداری زنجیرەیەک وتاردەکات کە جەخت لەسەر ڕۆڵی ژنان لە بونیادنانی ئاشتیدا دەکەنەوە
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە بونیادنانی ئاشتی و بەشداری چالاکانە لە ژیانی گشتیدا، ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە شاری سوەیدا زنجیرەیەک وتاری پەروەردەیی لە نێوان ڕاستیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ساز کرد.

روشيل جونيور
سوەیدا- بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە بونیادنانی ئاشتی و بەشداری چالاکانە لە ژیانی گشتیدا، ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە سوەیدا ڕۆژی ١٨ی تشرینی یەکەم، وتارێکی بە ناونیشانی "ژن لە کاتی شەڕدا: لە پەراوێزەوە بۆ پێشەنگی کردار" ساز کرد.
ئەم وتارە بەشێک بوو لە زنجیرە سیمینارێک بە ئامانجی بەهێزکردنی ژنان و بەڵگەنامەکردنی ئەزموونەکانیان لە چوارچێوەی ململانێدا، هەروەها باسی لە ڕەهەندە فرەییەکانی ڕۆڵی ژنان لە شەڕەکاندا کرد، لە شەڕی ڕاستەوخۆوە بۆ پشتیوانی لۆجستیکی، وە تا قوربانی بوون و ئاشتیخوازی.
بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە ژنان هەرگیز تەنها وەرگری دەرئەنجامەکانی ململانێ نەبوون، بەڵکو لە دڵی چالاکییەکەدا بوون و شەڕیان دەکرد و یارمەتی و ڕێنماییان پێشکەش دەکرد و بەرگرییان لە کۆمەڵگەکانیان دەکرد.
لە پەراوێزی کۆڕەکەدا، ئەمال مورشید، مامۆستای هونەر و چالاکوانی ناوخۆیی، جەختی لە گرنگی کۆڕەکە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە ژنانی دروز لە سوەیدا لە کاتی جەنگدا ڕۆڵێکی دیاریان هەبووە، بەتایبەتی وەک فریاگوزاری و ڕێبەر و دایک.
ڕوونیشیکردەوە، کە کۆڕەکە ڕێنمایی ڕوون و ئاشکرای بۆ ژنان دابینکرد و قۆناغێکی نوێی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی دامەزراند، هەروەها لەڕاستیدا هەنگاوەکانیان دەستپێکردووە بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی کاریگەری ژنان کە بەشدارە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی فیدراڵی سەرکەوتوو بە پێشەنگایەتی ژنان، گوتیشی: "بەو پێیەی لە سەردەمی شەڕدا بە زیاتر لە ئاراستەیەک کارم دەکرد، ئەم خولە بناغەی پێبەخشیین کە وەک ژنانی لایەنگر و دامەزرێنەر لە کۆمەڵگەی ئێستا دەست پێبکەین، ئێستا بەرەو ڕێچکەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەڕۆین بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان، هەروەها بیرۆکەیەک هەیە کە دەستمان پێکرد، ئەویش بریتییە لە دامەزراندنی چوارچێوەیەک بۆ ئەوەی ژنان لە کۆمەڵگەکەماندا ببنە کەسایەتیەکی کاریگەر لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداری و تەنانەت سەربازیشەوە، ئێمە هەنگاوی یەکەممان ناوە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی فیدراڵی سەرکەوتوو، وە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی سەرکەوتوو بە دەستی ژنان''.
ئەسالە ئەسڵان، وتەبێژی فەرمانگەی ژنان لە سوەیدا ڕوونی کردەوە، کە لە کۆڕەکەدا باس لە سێ تەوەری سەرەکی کراوە، ئەوانیش ڕۆڵی ژنان لە بەرەکانی پێشەوە، ڕۆڵیان وەک کاتالیستێکی ناوخۆیی بۆ ململانێ و ڕۆڵیان وەک قوربانی و بنیاتنەری ئاشتی مەدەنی، کە بەشێکن لە زنجیرەیەکی پەروەردەیی بەردەوام.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم وتارە کە کۆمەڵێک بیرۆکە و ئەزموونی کەسی خستەڕوو، نوێنەرایەتی کۆتایی بەشی یەکەمی زنجیرەیەکی پەروەردەیی دەکات سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسین و ئاشتی مەدەنی ژنان، هەفتەی داهاتوو بە کۆڕێکی نوێ سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە شەڕی چەکداریدا بەردەوام دەبێت.
ڕاما زەین، پارێزەر، پێزانینی خۆی بۆ ئەنجومەنی ژنانی سووریا دەربڕی بۆ ڕێکخستنی ئەو دەستپێشخەرییانە و ستایشی ناوەڕۆکی دەوڵەمەندی سێ وتارەکەی کرد کە باسیان لە ڕۆڵی ژنان کرد لە ئاشتی مەدەنی و چارەنووسی خۆنووسین و کاتەکانی شەڕدا، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئامادەبووان بە کۆی دەنگ لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری جیهانی سەبارەت بە بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی دژی ژنان وەک چەکێکی جەنگ کۆک بوون.
کۆڕەکە سەکۆیەکی گفتوگۆی بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و دەستنیشانکردنی ڕێگاکانی داهاتوو بۆ ژنان لە سوەیدا ڕەخساند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە پێویستی بە ئامادەیی چالاک و کاریگەرانەی ژنان هەیە.
بەشداربووان لە کۆتاییدا بە ڕاسپاردەی پراکتیکی بە ئامانجی دامەزراندنی چوارچێوەی ڕێکخراوەیی بە پێشەنگایەتی ژنان کە بەشدارن لە بنیاتنانی دامەزراوە کۆمەڵایەتییە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەیەکی فیدراڵی سەرکەوتوو، تێیدا ژنان ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕن لە بوارە جیاوازەکاندا.